مەسرور بارزانی: ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنیا کێشەیەکی تەندروستی نییە
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/3/10 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دەرهاویشتە و لێکەوتە ئابوورییەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان کرد.
بە پێی راپۆرتی وێستگە نیوز، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە تەشەنەکردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان، تەنیا کێشەیەکی تەندروستی نییە بەڵکو بەداخەوە دەرهاویشتەی نەرێنیشی لە سەر ئابووری جیهان لێکەوتووەتەوە کە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. بەتایبەتی بە هۆی دابەزینی خێرا و زۆری نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
مەسرور بارزانی داواشی لە لایەنە بەشدارەکانی حکومەت و تەواوی لایەنە سیاسیەکان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش کرد کە بە هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی لەگەڵ ئەو دۆخە هەستیارە و ئەو قەیرانەی هاتووەتە پێشەوە مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی بتوانین بە کەمترین زیان ئەو بارودۆخە سەختە تێپەڕێنین.
لە کۆبوونەوەکەدا ، بڕیاردرا کە رێکار و رێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکانی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت بە پێی رێنماییەکان و لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی و کارنامەی کابینەی نۆیەم بگیرێتەبەر. هەروەها لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیش لە بەغدا هەماهەنگی بکرێت و دانوستانەکان چڕبکرێنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتەوە.