محەمەد حاجی مەحموود: خەڵکی هەرێمی کوردستان چیدی سەبریان نەماوە
محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیاڵ دیمۆکراتی کوردستان هۆشداری دایە پارتەکانی هەرێمی کوردستان و وتی پێویستە بە زووترین کات کێشەکانی هەرێم چارەسەر بکەن چوونکە خەڵکی چیدی سەبریان نەماوە.
بە پێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە تەلەفزیۆنی NRT، محەمەدی حاجی مەحموود لە ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی شەهید بوونی کوڕە گەورەکەیدا کە لە میحوەری کەرکووک و لە شەڕی دژە داعش شەهید کرا، ئاماژەی کردە دۆخی نالەباری هەرێمی کوردستان و وتی پارتەکان هیچ بیانوویەکیان نییە بۆ ئەوەی دانووستان و گفتوگۆ لەگەڵ یەکتری وەدواوە بخەن.
ناوبراو زیادی کرد خەڵکی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی تەواو خراپدان و پێویستە پارتەکان لە کەمترین کاتدا بۆ چارەسەر کردنی کێشەی خەڵک هەوڵ بدەن چوونکە خەڵکەکەش لەمە زیاتر هەڵگری ئەم دۆخە نەگونجاوە نین.
هەروەها وتیشی ڕێژەیەکی زۆر کێشەی جیددی لە هەرێمدا کۆبووەتەوە و تازە هیچ دەرفەتێک بۆ ڕێکنەکەوتن و ناکۆکی نێوان پارتەکانی هەرێم نەماوە.