بارزانی: ئازاد کرانی موسڵ بە مانای کۆتایی هاتنی مەترسیی تیرۆریزم نییە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری فەرانسا جەختی کرد کە ئازاد کرانی موسڵ بە مانای کۆتایی هاتنی مەترسیی تیرۆریزم نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی سومریە نیوز؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق و سەرۆک کۆماری فەرانسا لە هەولێر دیدار و چاوپێکەوتنیان هەبووە.
هەر لەم ئاراستەیەدا "مەسعوود بارزانی" لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ "فرانسوا ئۆلاند"ی سەرۆک کۆماری فەرانسا لە لێدوانێکدا پێی داگرت: هێزە ئێراقییەکان لە وەدەرنانی هێزەکانی داعش لە ژمارێک گوند و ناوچەی نزیک بە موسڵ سەرکەوتوو بوونە.
ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکەیدا راشکاوانە رایگەیاند: ئێمە داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین کە درێژە بدات بە پشتیوانی کردنی هەوڵەکانی ئێمە لە شەڕی دژ بە داعشدا، چوونکە ڕزگار کرانی موسڵ بە مانای کۆتایی هاتنی مەترسیی تیرۆریزم نییە.
لە لایەکی دیکەوە فرانسوا ئۆلاندیش راشکاوانە رایگەیاند؛ ئێمە لە ئێراقدا داکۆکی دەکەین لە خەباتی دژ بە تیرۆریزم. کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ ئەرک و بەرپرسایەتیی خۆی بەرامبەر بە مەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بە باشترین شێوە بەجێ بێنێ.
دەبێ داعش لە ئێراق و سووریا بنەبڕ بکەین تا بە تەواوەتی لە مەترسییەکانی ڕزگار بین. ئێمە هەوڵێکی بەربڵاو دەدەین بۆ دەسڕاگەیشتن بنە ڕێکارێکی سیاسی لە موسڵ پاش ئازاد کرانی لە ژێر چنگی داعش.
هەر دوولایەن لە کۆتایی پرێس کۆنفەرانسەکەیاندا سەردانی شوێنی سەقامگیر بوونی هێزەکانی پێشمەرگە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی موسڵیان کرد.