مەرجی نوێی کەنەدا بۆ ناردنی چەک بۆ هەرێمی کوردستان
کەنەدا ڕایگەیاند دەبێ بەرلە نێردرانی هەرچەشنە چەک - کۆنترۆڵی تۆکمەوتەواو بەسەر چەکە نێردراوەکانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکرێت .
بەپێی ڕاپۆرتی کورد پرێس بەگێڕانەوە لە ئۆتاوا سییتی زێن، وەزارەتی بەرگریی کەنەدا ڕایگەیاند بڕیارە ئەم وڵاتە لە بازاڕی کرینی چەک، بە ئاستی نۆ ملوێن و پێنسەد هەزارد ولار چەکی سووک، گوللە هاوەن و کەرەستە بکڕێ و بینێرێ بۆ هەرێمی کوردستان .
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند لەمپەرەکان لەبەردەم ناردنی چەک بۆ هەرێمی کوردستان هەڵگیراون و دەوڵەتی بەغدا لەگەڵ ناردنی چەک بۆ هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دەربڕیوە .
بەڵام دانیەل بوسیلیار وتەبێژی وەزارەتی بەرگری کەنەدا ئەمڕۆ پێش مەرجێکی نوێی بۆ ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە و وتی : بەرلە ناردنی چەک بۆ ئەم ناوچەیە دەبێ بەتەواوی کۆنترۆڵ و چاوەدێری بەسەری دا بکرێت هەتا کەڵکی ناڕەوا لەو چەکانە وەرنەگیردرێ .
بەپێی نوسینی میدیاکانی کەنەدا پێش مەرجی نوێی کەنەدا بۆ ناردنی چەک بۆ هەرێمی کوردستان دەبێ هۆی بێ هیوابوونی کوردەکان چونکە ئەوان بە جاران دووپاتیان کردوەتەوە کە پێویستی خێرایان بە چەکی مودێرن هەیە بۆ درێژەی بەرەنگار بوونەوەی داعش .