هەوڵی بەغدا بۆ گرتنە دەستی کۆنترۆڵی بوارگە سەرسنوورییەکانی کوردستانی ئێراق
لێژنەی تایبەت بە بوارگە سەرسنوورییەکانی ئێراق ڕایگەیاند: بە مەبەستی جێبەجێ کردنی بڕیاری دەوڵەتی ناوەندی لە بەغدا لەمەڕ گرتنە دەستی کۆنترۆڵی بوارگە سەرسنوورییەکان لە ناوچەی کوردستانی ئێراق، ژووری ئۆپەراسیۆنی پێکهێناوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەمڕۆ (پێنجشەممە)ی ئیرنا بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی هەواڵی ئەلمەعلوومەی ئێراق، "سامی سودانی" فەرماندەری لێژنەی تایبەت بە بوارگە سەرسنوورییەکانی ئێراق ڕایگەیاند: هەموو بوارگە سەرسنوورییەکانی نێوان کوردستانی ئێراق و وڵاتانی ئێران و تورکیا و هەروەها فڕۆکەخانەکانی کوردستانی ئێراق دەخرێتە بن کۆنترۆڵی دەوڵەتیی ناوەندی لە بەغدا.
بە وتەی سودانی دوابەدوای گرتنەبەری تەگبیری پێویست لە لایەن بەغداوە، کۆنترۆڵی بوارگەکانی "حاجی هۆمەران"، "پەرویزخان" و "باشماخ" لە سنووری ئێران و بوارگەی ئیبراهیم خەلیل" لە سنووری تورکیا دەخرێتە دەستی دەوڵەتی ناوەندیی ئێراقەوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم بڕیارە دەس خستنی مۆڵەت و داخستنی بوارگە سەرسنوورییە نافەرمییەکان لە ناوچەی کوردستانی ئێراقیش دەگرێتەوە.
هاوکات ڕێکخراوی گەشتی ئاسمانیی ئێراق لە بەیاننامەیەکدا باسی پێکهاتنی ژووری ئۆپەراسیۆنی بۆ گواستنەوەی موسافیرانی هەولێر و سلێمانی لە ناوچەی کوردستانی ئێراقی کرد و ڕایگەیاند: ئامانج لەو هەنگاوە پێشگری بە سەرهەڵدانی هەرچەشنە کێشەیەکی شیمانەیی بۆ موسافیرە سەرلێشێواوەکان لە فڕۆکەخانەکانی ئەم ناوچەیەیە.
دوابەدوای بەڕێوەچوونی گشتپرسیی یەکلایەنە لە لایەن ژمارێک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی ئێراقەوە ، بەغدا کۆمەڵێک تەگبیری سزادەرانەی دژ بەم ناوچەیە گرتە بەر کە قەدەغە کرانی گەشتە ئاسمانییەکانی دەرەوەی ئێراق بۆ فڕۆکەخانەکانی کوردستانی ئێراق لەوانە دێتە ئەژمار.
لە ڕوانگەی بەغداوە ئەو گشتپرسییە لە ناوچەی کوردستانی ئێراق و ژمارێک ناوچەی جێی ناکۆکیی لە نێوان هەولێر و بەغدا دژ بە یاسای بنەڕەتییە و ئەنجامەکەی دەبێ هەڵوەشێتەوە.