پاشەکشەی هێزی پێشمەرگە لە هەندێ ناوچەی کەرکووکی ئێراق
یەک لە فەرماندەرانی هێزی پێشمەرگە هەواڵی کشانەوەی ئەو هێزانە لە هەندێ ناوچەی کەرکووکی ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵنێری کەناڵی سەحەر، یەک لە فەرماندەرانی هێزی پێشمەرگە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، چەند ناوچەو هەروەها پێگەی سەربازیی مەکتەب خالید بێ شەڕ و پێکدادان ڕادەستی هێزە ئێراقیەکان کرا.
بەپێی هەواڵ و ڕاپۆرەکان، ئێستا لە کەرکووک ئاسایش جێگیر و بارودۆخ لەژێر کۆنتروڵ و چاودێری دایە.
شەوی ڕابردوو، شەڕی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە ئێراقییەکان لەباشووری کەرکووک و ناوچەی دوزخورماتو پاش ئەوە ڕووی دا کە هێزەکانی پێشمەرگە ، ئامادە نەبوون پێگەکانیان جێ بێڵن و فڕۆکەخانە سەربازییەکان و بیرەنەوتەکان بخەنە بەردەست حکومەتی ناوەندیی ئێراق.
هێزی پێشمەرگەی کوردستانی ئێراق لە ژۆئەنی ٢٠١٤ بە قۆستنەوەی دۆخی ئاڵۆزکاو و شێواوی بەدیهاتوو بەهۆی پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعشی، بەشگەلێکی پارێزگای کەرکووکیان خستەژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.
بەرپرسانی سەربازیی ئێراق حەوتەی ڕابردوو ، دوامۆڵەتێکیان دیاری کرد بۆ پاشەکشەی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە. ئەو دوادەرفەتە ئەمشەو کۆتایی پێ دێ.
بەقسەی سەرچاوە ئاسایشییەکانی ئێراق، ئەو کردەیە لە چوارچێوەی هەوڵی حکومەتی ناوەندیی ئێراق بۆ ڕەچاوکردنی سەروەریی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەیە کە بەگوێرەی یاسا لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی بەغدا دایە.
ئامادەبوونی نایاسایی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی ئێراق لە کەرکووک لەکاتێکدایە کە بەڕێوە چوونی ریفراندۆم لەو هەرێمە، کێشەو ئاڵۆزیی نێوان بەغداو هەولێری دووهێندە کردووە.
گشت پرسیی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستانی ئێراق سەرباری نەیارەتیی جیهانی و کاردانەوەی توندی حکومەتی ئێراق ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی سیپتەمبەر لەسەر پێداگریی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق بەڕێوە چوو.
ئەو کردەیەی بارزانی چەشنێک پێشێلکردنی دەستووری ئێراقییە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی ناوچە، ئوروپا و ئەمریکا ئەو کردەیەی مەسعوود بارزانیان شەرمەزار و لەسەر پاراستنی یەکڕیزی و یەکپارچەیی خاکی ئێراق جەختیان کردووە.