داخوازیی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا
سەرۆک کۆماری عێراق لە سەر گرینگایەتیی هەوڵدان بۆ نەهێشتنی تەنگژەکانی نێوان دەوڵەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستانی عێراق و چارەسەریی ناکۆکییەکانیان پێی داگرت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلعێراقییە، فۆئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ کادێرەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق و بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی وتی: هەرێمی کوردستان بەشێکە لە خاکی عێراق و من ئەرکمەندم بەوەی کە ڕوانگەکانی ئێستای هەردووک لا لێک نزیک کەمەوە.
فۆئاد مەعسوم لە پرێس کۆنفرانسێکدا پێی داگرت: دەبێ هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی ڕوانگەکانی هەردوک لا لێک نزیک ببنەوەو هەرهەموو یارمەتیی چارەسەریی گرفتەکانی ئێستا لە ناوچەکە بدەن.
سەرۆک کۆماری عێراق وتیشی: سەردانی شاری سلێمانی هیچ پەیوەندییەکی بە بڕیاری ئەمریکاو یان ڕێکخراوەی نەتەوەکانەوە نییە.
فۆئاد مەعسوم پێشی داگرت: هەرێمی کوردستانی عێراق بەشێکە لە خاکی عێراق و بەم پێیە دەبێ ئەم لێک نەگەییشتنانەی ئێستا چارەسەر ببن و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و دەوڵەتی ناوەندی پەرە بستێنێ.
ڕیفراندۆمی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق سەرباری نەیارەتیی جیهانی و کاردانەوەی توندی دەوڵەتی عێراق ڕۆژی دووشەممە 25 سپتامبەری 2017 لە ئەنجامی پێداگریی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق و ئامانجە تاکەکەسییەکانی لە ناوچەگەلێکی باکووری عێراق داگری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک و ناوچە کێشە لە سەرەکان لەوانە کەرکوک و خانەقین بەڕێوەبرا کە ئەم کارە وەک پێشێلکرانی یاسای بنەڕەتیی عێراق و یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان لێک دەدرێتەوە.
بەرلەمە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتەی وەک سەرچاوەی سەرەکی بۆ دانوستان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق دەستنیشان کردو ڕایگەیاند، بەو مەرجەی کە هەرێم پێبەندی یاسای بنەڕەتی بێت و دەرەنجامی گشتپرسییەکە هەڵوەشێنێتەوە ئامادەیە لەگەڵ هەولێر دانوستان بکات.
جێگای ئاماژەیە هەرێمی کوردستانی عێراق چواردەی نوامبەری ئەم مانگە ڕایگەیاند کە ڕێز دەگرێت لە حوکمەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە بڕگەی یەکی دەستوور و ئامادەی وتووێژێکی هەمەلایەنەی نیشتیمانییە.