سەرکۆنسولی ئێران لە سلێمانی: وتووێژی نێوان بەغداو هەولێر قۆناخە گرینگەکانی تێپەڕاندووە
سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانیی عێراق بەئاماژە بەوەی کە ئێران بۆ هێنانەدی سەقام، ئەوپەڕی هەوڵی دەدا، وتی: پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا تادێ چاکتر دەبێ.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ شەممەی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)؛ سەعدوڵڵا مەسعودییان وێڕای ڕێزگرتن لە هەڵوێستە ئەرێنییەکانی هەولێر بۆ چارەسەریی هەندێ گرفت و هیوادەربڕین بەرامبەر چاک کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، وتی: وتووێژی نێوان بەغداو هەولێر قۆناخە گرینگەکانی تێپەڕاندووە.
سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی هەروەها دیداری محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقی بە ئەرێنی و گرینگ لێکدایەوەو وتی: ئەو چاوپێکەوتنە لەئاراستەی پتەوکردنی پەیوەندییەکان ئەنجامی گرت.
زەریف و بارزانی١٨ی فێڤرییەی ئەمساڵ لە پەراوێزی پەنجاو چوارەمین کۆبوونەوەی ئاسایشیی مونیخ دیدار و لەبارەی گرینگترین پرسەکانی ناوچە وتووێژیان کرد.
مەسعوودییان هەروەها وتی: بەزوویی بایکۆت وگەمارۆی سەر فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق هەڵدەگیردرێ و هیوادارین گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تاران ئەنجام بگرێ.
پاش بەڕێوە چوونی ریفراندۆم لە بیست و پێنجی سیپتەمبەری٢٠١٧، حکومەتی عێراق ، گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی هەڵپەسارد کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی ناچار کرد رازی بن بە دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق بەئامانجی ناردنی چاودێر بۆ دوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی.