گەف و هەرەشەی تورکیا ١٠ هەزار کوردی ئێزدی شەنگاڵ سەرلەنوێ دەتارێنێ
فەرماندەری گشتی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە شەنگاڵ دا ڕایگەیاند بە هۆی هەرەشەکانی تورکیا و سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، ژمارێک لە ئاوارە ئێزدیەکان کە لە چیای شەنگاڵ دا نیشتە جێن، دوو بارە ئاوارە بوونە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی کورد پریس، قاسم شەشوو لە وتوێژێک دا وتی: بە درێژەی هەرەشە وگورەشەکانی تورکیا لەمەڕ پەلاماردانیی شەنگاڵ، ئێزدییەکان جارێکی تر لە چیای شەنگاڵ ئاوارە دەبنەوە. ئەو وتیشی: تا بە ئێستا نزیک ١٠ هەزار کوردی ئێزدی لە چیای شەنگال دا نێشتە جێبوون ، بەڵام لەبەر هەرەشەکانی ڕەجەب تەیب ئەردوغان، مەترسی ئاوارەبوون هەرەشەیان لێوە دەکات .
قاسم شەشوو وتیشی: خەڵکی شەنگاڵ لەوەی کە جارێکی تر ئاوارە وهەڵوەدا ببنەوە نیگەرانن، هەر ئێستایش کەسانیێک خەریکن شەنگاڵ جێدەهێلن و دینەوە بەرەوە کوردستان تا بتوانن لە ئۆردوگاکانی دەهووک دا نیشتە جێبن.
سەرۆکی فراکسیۆنی "ئەلحەکمە ئەلوەتەنی" لە پەرلەمانی عێراق یش وتی: هەرگیز ناهێلین شەنگاڵ ببێتە عەفرینێکی دیکە لە عێراق دا.
حەبیب ئەلتەرەفی سەرۆکی فراکسیۆنی "ئەلحەکمە ئەلوەتەنی" لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەم بایخ زانینی قسەکانی سەرۆکی تورکیا لە بارەی پەلامار بۆ سەر شاری شەنگاڵ لە باکووری عێراق ، وتی: هەرگیز ناهێلین شەنگاڵ ببێتە عەفرینێکی دیکە لە عێراق دا.
ئەلتەرەفی بە جەختکردنەوە لە سەر ئەم بابەتە کە هێزە عێراقییەکان لە شەنگاڵ و لە سنوورەکانی تورکیا دا سەقامگیرن ، وتیشی: هەر چەشنە پەلامارێک لە لایەن تورکیاوە بۆ سەر ئەم هێزانە بەرەوڕووی وڵامێکی تووند دەبێتەوە.
عەبدولحسێن ئەلزیر جاوی نوێنەری هاوپەیمانی نیشتمانی عێراق، لە وتوویژ لەگەل ماڵپەری دەنگ وباسی" ئەلموقف ئەلعێراقی" وتی: تورکیا دەبێ لە هەندێک لە سیاسەتەکانیی دەستهەڵبگرێت ولە ڕەوشی عێراق تێبگات ؛ چوونکا ڕەوشی ئەو وڵاتە لەگەڵ ڕابردوو جیاوازی هەیە بە تایبەتی دوای سەرکەوتنەکانی گەورە بە سەر ترۆریسم دا .
ئەلزیرجاوی وتیشی: دەوڵەتی فیدراڵیش دەبێ هەڵوێستێکی بەبڕشتانە بگرێت دژی هەر چەشنە چالاکی بیانی و بنپێکرانیی دەستەلاتداریەتی عێراق و پاراستنی سەروەری ئەو وڵاتە .