گەشتی ئاسمانیی نێوان هەولێر و تاران دەست پێ دەکاتەوە
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند: بە ڕەزامەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەشتەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی هەولێر و تاران دەست پێ دەکاتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر لە خەندان، نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند: بە ڕەزامەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەشتەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی هەولێر و تاران دەست پێ دەکاتەوە.
ئەو لەمبارەوە وتیشی: یەکەم گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان تاران و هەولێر دەست پێ دەکاتەوە، کە دوای ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ڕاگیرا.
نازم دەباغ ئاماژەی دا: بڕیارە هەینی داهاتوو گەشتەکان دەست پێ بکەنەوە.
شایانی باسە کە ساڵی رابردوو ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان بەڕێوەچوو، بەهۆیەوە بەغدا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیی راگرت.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران جەختی کرد: هەوڵێکی زۆر درا تاوەکو پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو فڕۆکەخانە و گەشتەکان دەست پێ بکاتەوە، لە هەوڵی ئەوەش داین لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشتەکان لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەست پێبکاتەوە.