یەکگرتوو و بزووتنەوە هاوپەیمانیی دەکەن
یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەک بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
کامیل مەحمود، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بە وێستگە نیوزی راگەیاند، ئەوان هەوڵیان داوە ئیسلامییەکان پێکەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن کە بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلول ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە لەڕووی مەبدەئییەوە لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی رێککەوتوون بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
سەبارەت بە چۆنیەتی هاوپەیمانییەکەیان، ناوبراو وتی "ئەمجارە لەگەڵ یەکگرتوو بەناوێکی نوێ بەشدار دەبین، بۆ ناوەکەش چەند پێشنیارێک کراون".
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقیش ئەو دوو حزبە لەنێو لیستێکدا کە لیستی یەکگرتوو بوو بەشدارییان کرد، بەڵام بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە پێشتر کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بڵاویکردەوە تەنها دوو کورسییان بەدەستهێنا و هیچ کاندیدێکی بزووتنەوە دەرنەچوون.
رۆژی یەکشەممەش سەییاح کورەچی، ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بە وێستگە نیوزی راگەیاند، کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی دوشەممە دوا وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانی لایەنەکانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئەگەر وادەکە درێژ نەکرێتەوە، تائێستاش تەنها یەک هاوپەیمانی تۆمارکراوە.
هەفتەی رابردوو حزبەکانی (سۆسیالیست دیموکرات، کرێکاران و رەنجدەران، یەکێتی نەتەوەیی) هاوپەیمانی (سەردەم)یان پێکهێنا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.