درێژکرانەوەی ماوەی ناونووسی کردن بۆ دەنگدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان
ماوەی ناونووسی کردن بۆ وەرگرتنی کارتی تایبەتی بەشداری کردن لە دەنگدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆ دووھەمین جار درێژ کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس،کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستانی عێراق جارێکی تر وادەی یاسایی بۆ تۆمارکردنی ناوی دەنگدەرانی خاوەن مەرجی دەنگدان لە ھەرێمی کوردستان و ڕادەست کردنی کارتەکانیانی درێژ کردەوە.
کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەڕاپۆرتێکدا جەختی کرد: کۆمسیۆنەکە لە ئاگادارینامەیەکی فەرمی دا ڕایگەیاندووە:لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەمەیاندا لە پێناو کار ئاسانی بۆ هاوڵاتییان هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی هەلی زیاتر بۆ هاوڵاتیان بەمەبەستی سەردانیکردنی ناوەندەکان، بڕیاریان داوە لە ڕۆژی ١٦/٨/٢٠١٨ ناوەندەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران هەتا کاتژمێری ٣:٣٠ خولەکی ڕۆژی شەممە بەرواری ١٨/٨/٢٠١٨ بۆ دووھەم جار درێژ بکرێتەوە.
کۆمسیۆن ڕاشیگەیاند، بە پێی بڕیارەکە ناوەندەکانی تۆماری دەنگدەران لە ڕۆژانی پشووش دا لەڕووی هاووڵاتییاندا کراوەیەو ھاوڵاتیان دەتوانن بە سەردانی نووسینگەی کۆمسیۆن کارتی تایبەتی دەنگدانی خۆیان وەرگرن و ھیوای ئەوەش دەکرێت کە ئا لەم ڕێگایەوە ئاستی بەشداریی خەڵک و دەنگداران لە ھەڵبژاردندا بەرزتر بێتەوە.
جێگای ئاماژەیە، هاوکات حەوتەی ڕابردوو ھەندرێن محەمەد سەرۆکی کۆمسیۆنەکەش ڕایگەیاند، ڕێژەی بەشداری بۆ ناوەندەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە هەرێم ٣٠%یە.