پەلاماری ئاسمانیی قورسی تورکیا بۆسەر ناوچە ئاوەدانەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق
فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا دوێنێ هەینی دووجار و بەدوای یەک پەلاماری ئاسمانیی قورسیان کردە سەر ناوچە ئاوەدانەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە ناوچەی قەندیل و هەروەها رۆژاوای هەولێر.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، ماڵپەڕی خەندان راپۆری دا، رۆژی هەینی٢٦ی گەلاوێژ(١٧ی ئاگۆست) ، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا جارێکی دیکە ناوچە ئاوەدانەکانی هەرێمی کوردستانی دووجاری بەدوای یەکدا بۆردومان کرد.
بەپێی هەواڵەکە، لەو پەلامارانەدا گوندەکانی بۆکریسکان و سەرگەلی لە داوێنی قەندیل وناوچەکانی زەینی وەرتێ و کێوی بێرمکە و دەرەد ادسێ هەڵکەوتوو لەناوچەی وەرتێی سەربە پارێزگای هەولێر کە شوێنی هاوینەهەوار و کۆچی ئاژەڵدارانی ناوچەیە، بەقورسی بۆردومان کراون.
هەروەها ناوچەی قەسری و چیای کەڵەکێی باڵەیانی لە ڕۆژاوای هەولێر و لەنزیک سنووری ئێرانیش لەلایەن سوپاوە بۆردومان کرا.
هەروەها لەئەنجامی ئەو بۆردومانانە، دارستان و پوش و پاوانی بەرزاییەکانی ناسراو بە گربوت لەناوچەی وەرتێ ئاگری تێکەوتووە.
پێشتریش پەلامارەکانی تورکیا کەبەبیانووی ئامادەبوونی پەکەکە، لەو ناوچانە ئەنجامی گرتووەو خەساری قورس لە ژێرخانەکانی ئەو ناوچانە، و کوژران وبرینداربوونی کەسانی سیڤیل و لەبەین چوونی دارستان و سەوزەڵانییەکان و خەساری زۆر لە ژینگەی ئەو ناوچانە کەوتووە.