جەختی تورکیا لە سەر ھەڵوەشاندنەوەی قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ سلێمانی
وەزیری گواستنەوەی تورکیا ڕایگەیاند: قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سلێمانی ٢٥ی ژانویە ھەڵدەوەشێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز « موحەممەد جاھید تۆرحان» وەزیری گواستنەوەو ژێرخانەکانی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایکەیاند: بڕیار وایە دوای ھەڵوەشانەوەی قەدەغەی گەشتی ئاسمانی بۆ سلێمانی کە لە ڕۆژی ھەینی ٢٥ی ژانویە دەچێتە واری جێبەجێ کردنەوە، ھەموو حەوتەیەک حەوت گەشتی ئاسمانیمان بەرەو ئەو شارەی ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەبێت.
ئەمە لە ھەل و مەرجێکدایە کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر تاھیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی سلێمانیی ھەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند بوو کە، گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا ڕۆژی پێنج شەممە ٢٤ی ژانویە دەست پێ بکاتەوە.
تورکیا قەدەغەی گەشتی ئاسمانی بۆ سلێمانیی لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر گشتپرسیی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانی عێراق بە سەر ئەم ناوچەیەدا سەپاند بوو.