سەعدی پیرە: گۆڕان گوتی با کۆبوونەوەی دووقۆڵی تەواو بێت دەیکەینە سێ قۆڵی
گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ئێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی ئەنجامدەدرێت، دەشڵێت گۆڕان کۆبوونەوەی سێقۆڵی رەتکردەوە تاوەکوو کۆبوونەوە دووقۆڵییەکان تەواودەبن.
به پێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس؛ "سەعدی ئەحمەد پیرە"، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەئاماژە بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت لەنێوان پارتی و یەکێتی گوتی: "هەفتەی داهاتوو یەکێتی و پارتی بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، ئومێدەوارم ئەوەی ماوە بۆ تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەت و شێوازی دابەشکردنی پۆستەکان و چوارچێوە سیاسییەکەی، لەو کۆبوونەوەیە تەواو بکرێت". لەبارەی کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەنێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان سەعدی پیرە گوتی: "پێموایە هەڵەیەک هەیە، د. رۆژ شتێکی باسکردووە بەڵام ئەوە وا نییە، ئێمە شاندی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەدا بووین باس لەوەکرا کە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی بۆ نەکرێت، هەردوولامان پێمانباشبوو، ئەو کاتە قسە لەگەڵ گۆڕان کرا، ئەوان گوتیان با کۆبوونەوەی دوو قۆڵی تەواوبکەین ئەوکات کۆبوونەوەی سێقۆڵی دەکەین".
بڕیاربوو سێشەممەی هەفتەی رابردوو پارتی و یەکێتی کۆببنەوە بەڵام کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا.