مانگرتن لەخواردنی کەسانی گیراوی هاوپێوەند بە ڕووداوەکەی شیلادزێ
کەناڵی "کەی ئێن ئێن" ڕاپۆری دا، زۆربەی ئەو کەسانەی بەتۆمەتی هاوبەشبوون لە ئاڵۆزییەکانی شیلادزێ و تێکهەڵچوون لەگەڵ چەکدارانی تورک گیراون، مانیان لەخواردن گرتووە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، لەهەواڵێکدا کە لە کەناڵی کەی ئێن ئێن بڵاوکرایەوە، هاتووە کە پاش ڕووداوەکانی شیلادزێ سەربە پارێزگای دەهۆکی هەرێمی کوردستان، دەیان کەس لە چالاکوانانی مەدەنیی ئەوناوچەو بۆ وێنە هەشت ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان بەدەست ئەو هێزە ئاسایشییانەی لەو ناوچەکە جێگیرن و سەربەپارتی دیموکراتن، قۆڵبەست کراون.
ئێستا زۆربەی کەسانی گیراو لە شیلادزێ جارێ لە بەندیخانەدان و زۆربەشیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە گیرانیان، مانیان لەخواردن گرتووە.
لەلایەکی دیکەوە، "وارشین سلێمان" بەرپرسی ناحیەی ناوچەی شیلادزێ ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاندێکی بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی ڕووداوەکانی شیلادزێ پێکهێناوەو هەموو کەسانێک کە ڕەوتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەریی شیلادزێیان بەلاڕێدا بردو پەلاماری پێگەی سەربازیی تورکیایان دا، قۆڵبەست کراون و لێپرسینەوەی پێویستیان لێکراوە.
لە ڕووداوەکانی شیلادزێدا، خەڵکی ناوچە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە پەلامارە ئاسمانییەکانی تورکیا کە بووەتە هۆی گیان لەدەست دانی شارمەندانی سیڤیلی ناوچەکە، دەستیان دایە خۆپێشاندان و پاشان لەگەڵ سەربازانی تورکی جێگیر لەو ناوچەدا کەوتنە شەڕ وپێکدادان و پێگەی سەربازیی ئەوانیان سوتاند.
لەو ڕووداوەدا دوو شارومەندنی سیڤیلی شیلادزێ لەوان منداڵێک، بەهۆی تەقەی چەکدارانی تورک گیانیان لەدەست دا و دەس کەسی دیکەش بریندار بوون.