چارەسەری دەروونی بۆ ٥٠٠ ئێزدی ڕزگار کراو لە بەندی داعش لە ئەڵمان
چالاکێکی کوردی ئێزدی لە ئەڵمان ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە بەرپرسایەتیی دەروون دەرمانی و یارمەتیدان بە ٥٠٠ ئێزدی ڕزگار کراو لە بەندی داعشی گرتۆتە ئەستۆ و مانگی داهاتوو ٦٠ کەس لەوانە بەڕێ دەکرێن بۆ ئەڵمان.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ "حەسەن قەوال" لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە "ئاندریا یوهلگە" ڕێبەری فراکسیۆنی چەپخوازی ئەڵمان لە پەرلەمانی ناوچەیی "برادنبورگ"ی وڵاتی ئەڵمان، بە کوردە ئێزدییەکانی دانیشتووی ئەم وڵاتەی ڕاگەیاندووە کە ئەڵمان پلانێکی داڕشتوە بۆ دەرمانی سائیکۆلۆژی و یارمەتیدانی ٥٠٠ ئێزدی ڕزگار کراو لە دەستی داعش.
ناوبراو کە لە چالاکانی کوردی ئێزدی لە ئەڵمان دێتە ئەژمار، وتیشی کە ئەم بەرنامەیە هەموو ئەو ژن و منداڵە ئێزدییانەی دەگرێتەوە کە لە لایەن داعشەوە گیراون و پاشان بە یارمەتیی ڕێکخراوەکان و چالاکانی ئێزدی و ناوەندەکانی دیکە ڕزگار کراون.
ناوبراو وتیشی: کە ئەم بەرنامەیە لە مانگی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێ و لە فازی یەکەمیدا، ٦٠ ژن و منداڵی ئێزدی ڕزگار کراو لە دەستی داعش، لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ کەڵک وەرگرتن لەو بەرنامەیە، پاش وەرگرتنی ڤیزە لە کۆنسولخانەی ئەڵمان لە هەرێم، بەڕێ دەکرێن بۆ ئەم وڵاتە.
"حەسەن قەوال" ڕایگەیاند کە ئەم کەسانە لە ئەڵماندا ڕاژەکاری پزشکی و سایکۆدەرمانیان دەخرێتە بەردەست، بەڵام هێشتا ماوەی ئەو بەرنامە دەرمانیە و ماوەی مانەوەیان لە ئەڵمان ڕوون نەکراوەتەوە.