دیداری سلێمانی بە ئامادە بوونی سەرۆک کۆماری عێراق و سیاسەتڤانانی دیکە
شەشەمین ڕۆژی دیداری سلێمانی بە دروشمی « عێراق و وڵاتانی دراوسێ بەرەو میکانیزمێکی ناوچەیی تازە» کە لە ڕۆژی سێ شەممەوە دەستی پێکرا بوو، دوێنێ پێنج شەممە کۆتایی پێ ھات.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، مەکۆی موتاڵاو توێژینەوەکانی ناوچەیی و نێونەتەوەیی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی بەرپرسایەتیی بەرپا کرانی ئەم کۆبوونەوەانەی بە ئەستۆ بووەو زۆرێک کەسایەتیی سیاسیی عێراق و جیھان تیای دا بەشدارییان کرد بوو.
ئەم کۆبوونەوەیە ڕۆژی پێنج شەممە بە وتەکانی شەیبانی باڵوێزی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا کۆتایی پێ ھات. بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، ئەیاد عەلاوی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، فۆئاد سنیورە سەرۆک وەزیرانی پێشووتری لوبنانیش لەو وتاردەرانەی دیکەی کۆبوونەوەکان بوون.
«موحەممەد ڕەزا ڕ ەئوف شەیبانی» باڵوێزی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا کە لەو دانیشتانەدا بەشدار بوو، جەختی کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەمان سەرەتای سەرھەڵدانی قەیرانی سووریاوە لە سەر ڕێگاچارەی سیاسیانەی قەیرانەکەو وتووێژی ھەمەلایەنەی نێوماڵی گەلی سووریا پێی داگرت.
ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە پێشتر لە بارەی پرسی ناڤۆکییەوە لەگەڵ ئەمریکادا وتووێژو ڕێککەوتنمان کرد بوو وتیشی: بەڵام ئەمریکییەکان بەڵێنی خۆیانیان جێبەجێ نەکردو لە ڕێککەوتنەکە کشانەوەو ئەمەش وا دەردەخات کە ئەمریکا جێگای پشت پێ بەستن نییە.
بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقیش لە ئاھەنگی دەستپێکی دیدارەکەدا پێی داگرت کە ئەم وڵاتە گیان بەختکاریی زۆری بۆ لەنێو بردنی تاقمی تیرۆریستی داعش ئەنجام داو لە ئێستادا گەش بینیی زۆر لە ئارادایە کە کە ڕەوشتی عێراق باشتر بێتەوە.
بەرھەم ساڵح سەرکەوتن بە سەر داعشی وەک سەرکەوتنێکی مەیدانی لێک دایەوەو ڕاشکاوانە وتی: عێراق لە ئامادە بوونی سەربازییانەی تیرۆریستان ڕزگار بووە، بەڵام خۆ نابێ بەرماوەی ئەوم تیرۆریستانەش بە ھەند نەگرین، چونکو داعش بەتەواوی و یەکجاری بنەبڕ نەکراوەو لە سنوورەکانی عێراق و سووریا ئامادەن و ڕەنگە ھەلێکی تازەیان بۆ بڕەخسێت ھەتا ھەمیسان خۆیان بووژێننەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆتایی قسەکانی دا وتی: ناکرێ ئەو دڕندەکارییانەی کە لە سووریادا قەوما فەرامۆش بکرێت، چونکوو ملوێنان قوربانی و ئاوارەی لێ کەوتووەتەوە کە بەرکەوتەی توندئاژۆیی و تیرۆریزمن، ئەم بابەتەش ھەر دەبێ بە ھەوڵی سیاسی کۆتایی پێ بێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ئاھەنگی دەستپێکی دیدارەکەدا پێی داگرت کە دیداری سلێمانی یەکەم دیدارو کۆبوونەوەیەکە کە پسپۆڕان و ڕێبەرانی سیاسیی عێراق و وڵاتانی دیکەی لەژێر ئاڵایەکی ھاوبەش دا کۆکردووەتەوە ھەتا گرینگترین پرس و ڕەوشتی ئێستای عێراق و ھەرێمی کوردستان و بەگشتی ڕۆژھەڵاتی ناڤین تاوتوێ بکەن.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروها ئاماژەی بەژیانی خەڵک و خزمەتگوزاریی کرد و وتی:"خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش چاوەڕوانی حوکمڕانییەکی باشتر لە حکوومەتەکەیان دەکەن، ئێستاش حکوومەتێکی نوێ لە بەغدا هەیە، ژینگەی سیاسی گۆڕاوە،پەیوەندیێکی بەهێز لە نێوان حکوومەتی هەرێم و عێراق هەیە و کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا هەردووک لای ماندوو کردووە، ھەر بۆیە دەبێ بڵێین کە کاتی ڕێک نەکەوتن و گێرەوکێشەی سیاسی کۆتایی پێ ھاتووەو بە پێکھاتنی دەوڵەتی تازە ھیوایەکی تازەتریش لە ناخی شارومەندان دا چەکەرەی داوە.
عەمرموسا سکرتێری گشتیی پێشووی کۆمکاری عەرەبیش کە بەشدارێکی دیدارەکەی سلێمانی بوو، عێراقی وەک وڵاتێکی گرینگی ناوچەکەو جیھان نرخاندو پێی داگرت کە لەوە دڵنیایە کە عێراق جارێکی تر ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە ناوچەکەدا دەگێڕێت.