زەبر و زیانی لافاو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i360140-زەبر_و_زیانی_لافاو_لە_شارەکانی_هەرێمی_کوردستان
هەستاوەی لافاو لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی هەرێمی کوردستان، زەبر وزیانێکی قورسی داوە لە ماڵ و بینا و باڵاخانەکان، هەروەها ڕێگاکانی پێوەندیی نێوان شار و گوندەکانی داخستووە و ئاوی بەشێک لە گوندەکان بڕاوە و ژمارێک لە خوێندنگە و زانکۆکانی هەرێمیش داخراون.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
نیسان 02, 2019 03:23 Asia/Tehran
  • زەبر و زیانی لافاو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان

هەستاوەی لافاو لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی هەرێمی کوردستان، زەبر وزیانێکی قورسی داوە لە ماڵ و بینا و باڵاخانەکان، هەروەها ڕێگاکانی پێوەندیی نێوان شار و گوندەکانی داخستووە و ئاوی بەشێک لە گوندەکان بڕاوە و ژمارێک لە خوێندنگە و زانکۆکانی هەرێمیش داخراون.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ مێدیاکانی هەرێمی کوردستان لەوان کەناڵی تەلەڤزیۆنیی "ئن.ئار تی" و ماڵپەڕە هەواڵییەکانی "خەندان" و "ئس.ئن.ئن" ڕاپۆرتیان دا کە بە هۆی بارینی بارانێکی توند لە ڕۆژانی ڕابردوودا و درووست بوونی لافاو لە زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێم و پڕ بوونی لە ڕادەبەدەری بەنداوەکان کە بووە هۆی هەڵڕژانی ئاو و کرانەوەی زارکەکانی ئەو بەنداوانە، زۆرێک لە شار و گوندەکان زیانیان لێ کەوتووە.

زۆرێک لە جادە و ڕێگاکانی نێوان شارەکانی هەرێم و  گوندەکان لەوان ڕێگای سلێمانی بەرەو "تاسلوجە" و "دوکان" داخراون و ژمارێکیش پرد بە تەواوەتی داڕماون.

هەروەها لە ناوچەی بناری قەندیلیش ڕێگاکانی پێوەندی داخراون و پێوەندیی نیوان زۆرێک لە گوندەکانی ناوچەکە پچڕاوە و "ئن.ئار.تی" راپۆرتی داوە کە لە بەشێک لە گوندەکانی هەرێم و چەن ناوچەیەکی سلێمانیش ئاوی خواردنەوەی بڕاوە.

بە پێی ئاگادارینامەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، هەموو خوێندنگە و زانکۆکانی سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، چەمچەماڵ، کۆیە و بناری قەندیل  داخراون و بە پێی دوایین هەواڵەکان بەشێک لە کۆلیژی کشت و کاڵی زانکۆی سلێمانیش ئاو دایگرتووە.

هەروەها "ئەکرەم ئەحمەد" لە وتووێژ لەگەڵ "ئس.ئن.ئن" وشداری دا کە ئەگەری زۆرە بە هۆی ئەو بارینە توندە و کرانەوەی زارکی بەنداوەکان لە ئێران و هاتنی ئاو لە ڕێگای ڕووبارە هاوبەشەکانەوە بۆ نێو هەرێمی کوردستان، ناوچەکانی گردوپەڕی ئەو ڕووبارانە لە ناوچەی "پردێ"وە هەتا "دوکان"، بچێتە بن ئاو و هەر ئێستایش بەنداوی دوکان سەتا سەت پڕ بووە.

لە لایەکی دیکەوە ئەو بارینە توندانە بوونە هۆی ڕاگیردرانی هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ماوەی ٩ کاژێر.

هێزەکانی فریاگوزار لە سلێمانی وشداریان داوە بە شاروومەندان کە بۆ پاراستنی تەندرووستی خۆیان لە ماڵدا بمێننەوە و خۆ ببوێرن لە هاتووچۆ کردن لە دەرەوە و بەتایبەت لە قەراخی ڕووبارەکان . هەروەها ڕاگەیەنداروە کە ژمارێک لەو ماڵانەی کە لە ناوچە پڕمەترسییەکاندا هەڵکەوتوون چۆڵ کراون.

لە ناوچەی کەلاریش چەن گەڕەکێکی ئەو شارە بە تەواوتی چوونەتە ژێر ئاو و کاربەدەستان وشداریان داوە بە دانیشتوانی قەراخ ڕووباری  سیروان کە دەبێ خێراتر ماڵەکانیان بەجێ بێڵن.

ئەوە لە کاتێکدایە کە "ئازاد محەممەد" سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاریی سلێمانیش رایگەیاندووە کە هێشتا ڕادەی ورد و درووستی زەبرو  زیانەکانی لافاو مەزەندە نەکراوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو زیانەی لە شاروومەندان کەوتووە.