فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دیسان باکووری ئێراقیان بۆردمان کرد
وەزارەتی بەرەڤانیی تورکیا شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەم وڵاتە ناوچەکانی "ئاواشین"، "باسیان" و "خاکورک"ـیان لە باکووری ئێراق بۆردومان کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ وەزارەتی بەرەڤانیی تورکیا بانگەشەی کرد فڕۆکە جەنگییەکانی ئەم وڵاتە، بنکە و مەتەرێزی هێزەکان و هەممارەکانی چەکەمەنی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە)ـیان لەو ناوچانە بۆردومان کردووە.
فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا ڕۆژی شەممەیش چیاکانی قەندیلیان لە باکووری ئێراق بۆردومان کرد.
تورکیا لە ساڵانی ئەمدواییەدا بەجاران بە بیانووی سەرکوت کردنی ئەندامانی پەکەکە دەسدرێژی کردۆتە سەر خاکی ئێراق.
ئەو دەسدرێژییانە بەرەوڕووی کاردانەوەی توندی دەوڵەتی ئێراق و وڵاتانی دیکەی جیهان بۆتەوە.
پەلامارە ئاسمانی و تۆپخانەییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ئێراق لە بنپێ کرانی پەیمانی ئاگربڕی نێوان ئانکارا و "پەکەکە'' لە ژولایی ٢٠١٥ـەوە دەست پێ بۆتەوە.
پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە تورکیا دێسەمبەری ٢٠١٢ دەست پێ بوو، بەڵام دوابەدوای تەقینەوەکەی ژولایی ٢٠١٥ لە شاری سوروچ ڕاگیردرا. پاش ئەوە سوپای تورکیا و هێزەکانی پەکەکە دەستیان کردەوە بە پەلاماردانی بنکەو مەتەرێزەکانی یەکتری.
بە پێی ڕیژە و ئاماری بڵاو کراوە لەم ماوەیەدا، لانیکەم ٦٠٠ هێزی ئەمنیی تورکیا و زیاتر لە حەوت هەزار ئەندامی پەکەکە کوژراون.