پەلاماری ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر بنکە و مەتەرێزەکانی پەکەکە لە باکووری ئێراق
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دیسان بنکە و مەتەرێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی ئەم وڵاتە ناسراو بە "پەکەکە"یان لە باکووری ئێراق بۆردومان کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران لە ئانکاراوە، وەزارەتی بەرەڤانیی تورکیا بە بڵاو کردنەوەی ئاگادارینامەیەک ڕایگەیاند: چوار فڕۆکەی جەنگیی F-14ی ئەم وڵاتە شەوی پێنجشەممە بنکە و مەتەرێزەکانی پەکەکەیان لە ناوچەکانی "مەتینا" و "زاپ" لە باکووری ئێراق بۆردومان کردووە. لەو ئۆپەراسیۆنەدا ٧ حەشارگە، هەمماری چەکەمەنی و بنکەی چاوەدێریی پەکەکە تیاچووە.
ئۆپەراسیۆنە دەرەوە سنوورییەکانی سوپای تورکیا دژ بە بنکە و مەتەرێزەکانی پەکەکە لە باکووری ئێراق کە لە دوو مانگ و نیو لەمەوبەر دەست پێ بۆتەوە لە ڕۆژانی ئەمدواییەدا گەلێک توندتر بووە.
پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە تورکیا دێسەمبەری ٢٠١٢ دەست پێ بوو بەڵام دوابەدوای تەقینەوەکەی ژولایی ٢٠١٥ لە شاری سوروچ ڕاگیردرا. پاش ئەوە سوپای تورکیا و هێزەکانی پەکەکە دەستیان کردەوە بە پەلاماردانی بنکە و مەتەرێزەکانی یەکتری. بە پێی ڕیژە و ئاماری بڵاو کراوە لەم ماوەیەدا، لانیکەم حەوتی هەزار ئەندامی پەکەکە و حەوتسەد هێزی ئەمنی و سەربازیی تورکیا کوژراون.