حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتی دەکاتەوه گەمارۆی خستبێتە سەر کەمپی مەخموور
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ڤۆچ لە راپۆرتێکدا رایگەیاند: بەرپرسانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، گەمارۆیان خستووەتە سەر کامپى مەخمور و جموجۆڵ و هاتوچۆى ئاوارەکانى ناو کەمپەکەیان قەدەغە کردووە،کەچی حکومەتی ھەرێم ئەم بۆچوونە ڕەت دەکاتەوە.
به پیی راپورتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی «سبەى»: سارا لی وویستن، بەڕێوەبەرى بەشى رۆژهەڵات لە رێکخراوى هیومان رایتس ڤۆچ، رایگەیاند:" هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی تەموزی (2019)وە، بە شێوەیەکی هەرەمەکیانە گەمارۆیان خستۆتە سەر جموجوڵ و هاتوچۆی ئاوارەکانی کامپی مەخمور کە کوردانی تورکیای تێدایە".دەشڵیت "بەهۆى روداوەکەی حوقەباز، هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای روداوەکە چەند گومانلێکراوێکیان دەستگیرکردو گەمارۆیان خستەسەر کامپەکە لەبەرئەوەی دانیشتوانەکەی پشتگیری پەکەکە دەکەن. لەئەنجامی ئەو گەمارۆیە، ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی کامپەکە کارەکانیان لە دەستداوەو بە ئاستەنگ دەستیان بە نەخۆشخانەکان دەگات".
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی راپۆرتەکە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، "لە دوای هاتنی بە لێشاوی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم چەندین رێوشوێنیان گرتە بەر بۆ حەواندنەوەیان و دروستکردنی کەمپ بۆیان، یەکێک لەو رێوشوێنانە بریتی بوە لە رێکخستنی هاتوچوی کەمپەکان ئەویش بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی کەمپەکان و رێکخستنی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش رێگری لە کەس نەکراوە، تەنانەت ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە ناو شارەکان دەژین".
وتیشی دوای تیرۆرکردنی دیپلۆماتێکی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر، دەزگا پەیوەندیدارەکان پێداچونەوەیەک بە رێوشوێنە ئەمنییەکان کرد.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی ئاشکرا کرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاتوچۆی پەنابەرانی کەمپەکە و کارئاسانی کردن بۆیان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتى ئیتیحادی، چونکە لەساڵی 2014 ەوە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ئیتیحادی لە بەغدا نوێکردنەوەی ناسنامەی نشینگەى بۆ پەنابەرانى نیشتەجێی ئەم کەمپە راگرتوە، بەڵام پێشتر دانیشتوانی کەمپەکە ئازادبون لە هاتوچۆکردن بۆ هەمو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی راپەراندنی کاروباری رۆژانەیان.
کامپى مەخمور، بەدوری (60) کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای هەولێر، بە پێى ئامارەکان لانیکەم (12)هەزار هاوڵاتی کوردی تورکیا تێدایە، کە لە ساڵی (2011)ەوە، بەرپرسانی حکومەتی عێراقی و رێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان بە فەرمی کامپەکەیان وەک کامپی پەنابەران تۆمارکردو مافی پەنابەرێتیان دایە دانیشتوانی ناو کامپەکە.