مەسرور بارزانی سەردانی تورکیا دەکات
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
به پێ راپورتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندانەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیا دەکات و چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی ئەو وڵاتە دەکەوێت.
به قسەی ئەم سەرچاوەیە، لە دوای دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تورکیا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە هەر زوو بانگهێشتنامەی فەرمی ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئێستاش سەردانەکە ئەنجام دەدرێت.
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، لەو سەردانەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی ناوچەکەدا دەکرێت.
بەپێی میدیای فەرمی تورکیا، بارزانی سەرەتا لەلایەن مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشوازی لێدەکرێت، دواتر بڕیارە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنوسان بدەنەوە.باسی لەوەشکردوە، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کاتژمیر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاوە پێشوازیی لێدەکرێت.