پەرلەمانتارێکی یەکێتی: پرۆژەیاسایی چاکسازی ناگەڕێنینەوە بۆ حکومەت
سبەی دووشەممە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی هه ریم دەکرێت کە لەلایەن حکومەتەوە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش رایدەگەیێنێت، پرۆژەیاساکە ناگەڕێننەوە بۆ حکومەت.
زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی هه ریمی کوردستانی عیراق راگەیاند، دوای خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساکە، رەوانەی لیژنە تایبەتمەندەکان دەکرێت بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی تایبەت.
سەرۆکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی هه ریم کە لە فراکسیۆنی یەکێتییە پرۆژەیاساکە بە پرۆژەیاسایەکی باش ناودەبات و دەڵێت "پرۆژە یاساکە باشە و وەک پەرلەمان پرۆژەیاسای چاکسازی ناگەڕێنینەوە بۆ حکومەت، بەڵام دەستکاری هەندێ بڕگە و ماددەی دەکەین".
دوای گەیشتنی بە پەرلەمان لە 12ـی ئەم مانگە، بڕیارە سبەی دووشەممە 16-12-2019 خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی بکرێت کە لە 19 ماددە پێکهاتووە.