نوێترین لێدوانی وەزارەتی دارایی لە بارەی گەیشتنی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە
وەزارەتی دارایی رایگەیاند، تا ئێستا هیچ پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم و بەو هۆیەوە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە خاوبووەتەوە و لەهەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە.
ئەحمەد عەبدولرەحمان، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم لە کۆنگرهیهکی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند: هۆکاری نەگەیشتنی پارەکەی بەغدا بەهۆی رێوشوێنە ئیدارییەکانەوەیە و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر خەتن بۆ چارەسەرکردنی گرفتی نەگەیشتنی پارەکە.وتیشی: "حکومەتی هەرێم پشت بە سێ سەرچاوە دەبەستێت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم، کە دوو سەرچاوەی لە ناوخۆی هەرێمن و سەرچاوەکەی دیکەش لە بەغداوە دێت".سەبارەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست، وتەبێژی وەزارەتی دارایی رایگەیاند، دوێنێ بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست و وەزارەتی دارایش هەر ئەمڕۆ، نوسراوی کردووە بۆ وەزارەتی پەروەردە، کە بەڵگەنامە پێویستەکان بنێرن.وتیشی، "هەر کاتێک زانیاری و بەڵگەنامە پێویستەکان گەیشتنە وەزارەتی دارایی، ئەوکاتە لە زووترین کاتدا دامەزراندنەکە جێبەجێ دەکرێت، کە کۆمەڵێک قۆناغە و ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە".