شاندێکی دیکەی ھەرێم دەچێتە بەغدا
مەیادە نەججار پەڕلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، سبەی یەکشەممە شاندێکی نوێی هەرێمی کوردستان دەگاتە بەغدا، کە ئامانج لێی گەیشتنە بەچارەسەرێکی ریشەیی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی بەغدا.
بە پێی راپۆری شارپرێس، نەججاڕ لەلێدوانێکدا رایگەیاند، سبەی یەکشەممە شاندێکی باڵای هەرێم دەگاتە بەغدا، کە لە سەردانەکەیاندا چاویان بەمستەفا کازمی سەرۆک وەزیری راسپێردراو و سەرکردە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دۆسییە هەڵواساوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەوێت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسییەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و بەرکەوتەی کورد لەو حکومەتە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
پەڕلەمانتارەکەی پارتی لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا راشیگەیاند، دیمەنی سیاسی عێراقی بەگشتی ئاڵۆزە و بۆچارەسەرکردنی هەموو دۆسییەکان پێویستی بە زیاد لە سەردانێک هەیە.
هەروەها جەختیکردووەتەوە، شاندی هەرێم لەسەردانەکەیدا دەیەوێت چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ سەرجەم دۆسییەکانی پەیوەست بە بودجە و موچەی فەرمانبەران بدۆێتەوە.
نەججاڕ ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ عێراق و کارکردن بۆ بەهێزکردنی حکومەتی فیدڕالی جیدییە.
هەفتەی رابردووش شاندێکی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی بۆ رێککەوتن لەسەر دۆسییەی نەوتی هەرێم و خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەردانی شاری بەغدای کرد و دوای چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بێ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیاریکراو رۆژی هەینی گەڕایەوە بۆ هەرێمی کوردستان .