گەڕانەوەی سەرۆکی ھێزی دادی ئێران بۆ تاران
سەرۆکی ھێزی دادی ئێران دوای گەشتە چوار ڕۆژەکەی بۆ عێراق سەرلەبەیانیی ڕۆژی ھەینی گەییشتە تاران.
حوججەتولئیسلام وەلموسلمین «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆکی ھێزی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای گەڕانەوەی لە عێراق لە فڕگەی نێونەتەوەیی میھرئابادی تاران وتی: لەو سەردانەدا بڕیار درا کارگروپی دەزگای دادی عێراق لەگەڵ ھاوتای ئێرانیی خۆێی دۆسیەی شەھید کرانی فەرماندەرانی خۆڕاگری ھەتا گەییشتن بە ئەنجامی یەکجاری پێ و شوێن بگرێت.
سەرۆکی ھێزی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: بە پێداگریی بەرپرسانی ئێران و عێراق بڕیار درا دۆسیەی شەھیدان «حاج قاسم سولەیمانی»و« ئەبو مەھدی موھەندیس» بە دەم ڕەوتی ڕۆژگارەوە قەت لە بیر نەچێتەوەو لە لایەن دەزگای دادی عێراق بەردەوام بەدوادا چوونی بۆ بکرێت.
سەرۆکی ھێزی دادی کۆماری ئیسلامی وتیشی: لە بارەی پرسی زیندانییەکان، خەباتی دژی گەندەڵی، ماددە ھۆشبەرەکان، تاوانی بە بەرنامە، گۆڕینەوەی زانیاری و کارا کرانی یاسای گەڕاندنەوەی تاوانباران و ھەروەھا سەبارەت بە ھاوکاریی دوو وڵات لە خەباتی دژی سپی کردنەوەی پارەش لەو سەردانەدا باس و ڕاوێژ کراوە.
حوججەتولئیسلام وەلموسلمین «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆکی ھێزی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێی بانگێشتنی فەرمیی «فاییق زەیدان» سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادی عێراق شەوی سێ شەممە بۆ ئەنجام دانی سەردانێکی سێ ڕۆژە گەییشتە بەغدای پێتەختی عێراق.