ئەردۆغان : دەبێ ئەمریکا لە عێراق و سووریا بکشێتەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/تورکیا-i401085-ئەردۆغان_دەبێ_ئەمریکا_لە_عێراق_و_سووریا_بکشێتەوە
سه‌رۆک کۆماری تورکیا گوتی: وڵاته‌که‌ی ده‌یه‌وێت ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق و سووریا بکشێته‌وه‌، هه‌روه‌ک چۆن به‌ر له‌ ماوه‌یه‌ک له‌ ئه‌فغانستان کشایه‌وه‌.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئه‌یلوول 27, 2021 08:38 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان : دەبێ ئەمریکا لە عێراق و سووریا بکشێتەوە

سه‌رۆک کۆماری تورکیا گوتی: وڵاته‌که‌ی ده‌یه‌وێت ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق و سووریا بکشێته‌وه‌، هه‌روه‌ک چۆن به‌ر له‌ ماوه‌یه‌ک له‌ ئه‌فغانستان کشایه‌وه‌.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا له‌ دیمانه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ تۆڕی میدیایی "سی بی ئێس"ی ئه‌مه‌ریکی له‌ وه‌ڵامی پرسیارێک له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: "بێگومان ئه‌گه‌ر منیش قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌بێت، ده‌مه‌وێت ئه‌مه‌ریکا له‌ سووریا و عێراق بکشێته‌وه‌، به‌ هه‌مان ئه‌و میکانیزمه‌ی که‌ به‌ر له‌ ماوه‌یه‌ک له‌ ئه‌فغانستان کشایه‌وه‌".

ئەردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، "ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئاشتی به‌رقه‌رار بێت له‌ جیهان، ئه‌وا هیچ پێویست به‌ مانه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ی جیهان ناکرێت، ده‌توانین زۆر به‌ساده‌یی ده‌رفه‌تی بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان بۆ گه‌لان و ئیداره‌کانی ئه‌و ناوچانه‌ بهێڵینه‌وه‌".

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش که‌ ئاخۆ تورکیا هیچ نیازێکی بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق و سووریا شوێنی ئه‌مه‌ریکا له‌و دوو وڵاته‌ بگرێته‌وه‌؟ ئه‌ردۆغان گوتی: "رێگه‌م بده‌ به‌ روونی و راستگۆیی بڵێم: له‌ هیچ شوێنێک نابین که‌ نه‌یانه‌وێت لێی بمێنینه‌وه‌ و له‌ هیچ شوێنێکیش نامێنینه‌وه‌ که‌ پێشوازیمان لێ نه‌کرێت".

لەوەڵامی پرسیارێکی کەناڵە ئەمریکییەکەشدا کە ئایا تورکیا ژمارەیێکی زیاتر لە سیستەمی دژە ئاسمانیی S-400ی ڕوسیی دەکڕێت، ئەردۆغان وتویەتی: "بەدڵنیایی بەڵێ".

ئەردۆغان وتووشیه‌تى: "لە ئایندەدا کەس ناتوانێت دەستتێوەردان لەوەدا بکات کە ئایا تورکیا چ جۆرە سیستەمێکی بەرگری ئاسمانیی بەدەست دەهێنێت ‌و لەکام دەوڵەتیشی دەکڕێت ‌و لەسەر چی ئاستێکیش دەبێت، بەڵکوو تەنها تورکیا خۆی وەها بڕیارێک دەدات".