چاوپێکەوتنی دی میستورا و سێرگئی لاڤرۆف بەتەوەری ئەنجامەکانی دانیشتنی سووچی و ئاستانە
وەزیری دەرەوەی ڕووسیاو نوێنەری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا، ئەنجامەکانی دانیشتنی سووچیی ڕووسیا و دانوستانەکانی ئاستانەی قەزاقستان لەبارەی چارەسەریی قەیرانی سووریایان تاووتوێ کرد.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، سێرگئی لاڤرۆف دوێنێ هەینی لەدیداری ستێفان دی میستورا لە مۆسکۆ جەختی کردلەسەر پێویستی و گرینگیدان بە جێ بەجێ کرانی بڕگەکانی بڕیارنامەی٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی سووریا بۆ چارەسەریی قەیرانی ئەو وڵاتە.
لەو بڕیارنامەدا، جەخت کراوە لەسەر چارەسەریی قەیرانی سووریا لەڕێی سیاسییەوە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هەروەها وتی: هاوبەشیی ئێران، ڕووسیاو تورکیا ، هەلی هێنانەدی ناوچە کەم کێشەکان لە سووریای ڕەخساند کە کاریگەریی شیاوی بوو لەسەر بارودۆخی ئەو وڵاتە.
دانوستانی سووری-سووری لە شاری ئاستانەی پایتەختی قەزاقستان ، ڕێککەوتن لەسەر هێنانەدی چوارناوچەی کەم کێشە لەسووریای لێکەوتەوە.
دی میستوراش پاش ئەو چاوپێکەوتنە لەوتووێژ لەگەڵ پەیامنێران، دانوستانەکانی لەگەڵ لاڤرۆف بەسوودبەخش زانی کە تێیاندا هەموو پرس وبابەتەکان و بارودۆخی هاوپێوەند بە سووریاو دانیشتنی سووچیی ڕووسیاو وتووێژەکانی ئاستانەی قەزاقستان لێکدرایەوە.
کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکانی حەسەن ڕۆحانی، ڤلادیمیر پووتین و رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارانی ئێران، ڕووسیاو تورکیا رۆژی چوارشەممە(٢٢ی نۆڤمبەر) لەشاری سووچیی ڕووسیا بەڕێوە چوو.
سەرۆک کۆمارانی ئێران، ڕووسیاو تورکیا لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا، بەپشت ڕاست کردنەوەی دووبارەی سەروەری، سەربەخۆیی، یەکڕیزی و یەکپارچەیی خاکی سووریا، لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە، هەتا شکستی یەکجاریی گرووپە ڕەشەکوژەکان بەهاوکاری یەکتری بەردەوام بکەن.