درێژەی خۆپێشاندانی بەرفراوانی لایەنگرانی فەلەستین لەسەرتاسەری جیهاندا هاوکات لەگەڵ دەسپێبوونی ساڵی تازەی زایینی
خەڵکی وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان لەوان، سوئیس، تورکیا، ئینگلیز، مەراکش و سوید هاوکات لەگەڵ دەسپێبوونی ساڵی تازەی زایینی بۆ پاڵپشتی لە خەڵکی غەززە، ڕێپێوانیان کرد.
خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی جیهان چەندین جار تائێستا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە تاوانکارییەکانی رژیمی زایۆنی و داکۆکی لە خەڵکی فەلەستین، هاتوونەتە سەر شەقام.
لەدرێژەی ناڕەزایەتییە گشتییەکان بە تاوانکاریی زایۆنییەکان دژ بە گەلی فەلەستین بەسەدان کەس لە خەڵکی شاری "طنجە"ی مەراکش لە مەیدانی ناوەندیی ئەو شارە، بۆ هاودەنگی لەگەڵ خەڵکی غەززە، گردبوونەوە.
خۆپێشاندەرانی مەراکشی، حکومەتە رۆژاواییەکان(لەوان حکومەتی سوئیس)یان بە هاودەستی رژیمی زایۆنی زانی لە ئەنجامدانی ئەو تاوانکارییانەو وێڕای بەرزکردنەوەی ئاڵای فەلەستین، پێیان داگرت؛ ئاهەنگ و جەژنەکانی ساڵی تازەی زایینی، نابێتەهۆی لەبیرکرانی گۆڕانکارییەکانی کەرتی غەززە.
لایەنگرانی فەلەستین لە لەندەنیش لە شەوی کریسمەسدا خەڵکی غەززەیان لەبیرنەکردو لە دواکاتژمێرەکانی پێش دەسپێبوونی ساڵی تازە، بە گردبوونەوە لەبەردەم بینای سەرۆک وەزیران و نزیک پەرلەمانی بەریتانیا، جەختیان کردلەسەر درێژەی هەوڵدانەکان بۆ هێنانەدی مافەکانی گەلی فەلەستین.
ناڕازییان لە لەندەن ڕایانگەیاند، نەیارەتیی حکومەت و پەرلەمانی بەریتانیا لەگەڵ ئاگربەس لە غەززە، لەدژ ویست و خواستی حەفتاو شەش لەسەتای خەڵکی ئەو وڵاتەیەو ئەوان بەکردەوە دیموکراسی و داواکاریی خەڵکیان بن پێ خستووە.
خەڵکی تورکیاش لە شارەکانی ترابزۆن و ئەستەمووڵ بە بەشداربوون لە خۆپێشاندانەکان، داکۆکی خۆیان لە گەلی غەززە راگەیاند.
لە ستۆکۆڵمی پایتەختی سویدیش خەڵک بە گردبوونەوە لە یەکێ لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکە، هاوکات لەگەڵ ژماردنی پێچەوانە بۆ دەسپێبوونی ساڵی تازەی زایینی، بۆ پاڵپشتی لە خەڵکی ستەملێکراوی غەززە دروشمیان دا.
بەشداربووان لە گردبوونەوەکە وێڕای بەرزکردنەوەی ئاڵاکانی فەلەستین، خوازیاری وەستاندنی دەسدرێژکارییەکانی رژیمی زایۆنی و چەسپاندنی ئاگربەس لە غەززە بوون.
هەزاران شارومەندی فەڕەنسیش لە شارە جیاجیاکان لەوان پاریس و مارسێی بۆ پاڵپشتی لە فەلەستین خۆپێشاندانیان کرد. خۆپێشاندەران بە هەڵگرتنی ئاڵای فەلەستین، لەدژ رژیمی زایۆنی دروشمیان دا.
لە مەدریدی ئیسپانیا، بەرلینی ئاڵمان و تۆرێنتۆی کەناداش خەڵک بۆ داکۆکی لە فەلەستینیەکان و شەرمەزارکردنی تاوانکاریی زایۆنییەکان ڕێپێوان و خۆپێشاندانیان کرد. لە شاری هێلسینکی پایتەختی فەنلاندیش ئاڵای فەلەستین لە ئاهەنگی سەری ساڵی تازەی زایینی، بەرز کرایەوە.