عێراق و تورکیا رێککەوتنامەی ئاو دەخەنەبواری جێبەجێکردنەوە
باڵیۆزی تورکیا لەعێراق رایگەیاند، پەیوەست بەئاو ئەنقەرە بەئەرێنێیەوە دەڕوانێتە هەماهەنگی دوو لایەنە لەگەڵ عێراق و رێککەوتنی نێوان هەردوولاش بەمزوانە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بە پێی ھەواڵێکی وێستگەنیوز ، فاتیح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لەعێراق بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندوە، ساڵی 2019 وڵاتەکەی پێشنیازێکی لەبارەی کاری هاوبەش و چارەسەری کێشەکانی پەیوەست بە ئاو پێشکەشی بەغدا کردوە، لەو پێشنیازەدا پێویستییەکانی تورکیا بەئاو و بەکارهێنانی لەکات و شوێنی پێیوستدا خراوەتەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا جەخت کراوەتەوە لەوەی عێراق پشکی پێویستی خۆی لەئاو وەربگرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، "جیاوازییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لەسەر پرسی ئاو پەیوەندی هەیە بە شێوازی دابەشکردنی ئەو سەرچاوەیە، بەڵام کێشەکە لەوە گەورەترە و بریتییە لەبەکارنەهێنانی ئاو بەشێوەیەکی دروست بەجۆرێک عێڕاق ئەو سامانە بەشێوەیەکی راست و دروست بەکارناهێنێت، بۆیە ئێمە ئامادەین ئەزمونی خۆمان لەو بوارەدا هاوکاری عێراق بین".
لەلایەکی دیکەشەوە ئەمڕۆ یەکشەممە کارەکانی یەکەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی ئاو لە بەغدا بەردەوامی هەیە و ئامانج لە کۆنگرەکەش بەدیهێنانی ئاسایشی ئاو، چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی داهاتوو و سوودوەرگرتن لە تەکنیکی زانستی و پێشخستنی ژێرخانی دامەزراوەکانی ئاودێرییە.
خالید، بەتاڵ نەجم، وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ئامانج لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی ئاو لە بەغدا ئامادەکردنی کارنامەیەکە بۆ بەڕێوەبەردنی سامانی ئاو و گەشەپێدانی سەرچاوەکانی ئاو بەهاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەو بوارە.
لەو کۆنگرەیەدا جگە لەپێشکەشکردنی ژمارەیەک توێژینەوە و ئەزمونی جیهانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو، هەماهەنگی عێراق و وڵاتانی دراوسێ لەبارەی سەرچاوە ئاوییەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
لە کۆنگرەکەدا کۆمەڵێک تەوەری سەرەکی تاوتوێ دەکرێن ئەوانیش بریتین لە:
تەوەری یەکەم: پلانی ستراتیژی و ئیدارەی تەواوی سەرچاوەکانی ئاو، ئاسایشی ئاو و خۆراک لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ئاڵنگارییەکانی کاریگەریی کەشوهەوا لەسەر ئاو.
تەوەری دووەم: هاوکاریی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاو و رێگری لە کەمبوونەوەی.
تەوەری سێیەم: کاریگەریی کردەوە تیرۆریستییەکان لەسەر سیستمی ئاو و کەمکردنەوەی کاریگەریی کارەساتە سرووشتییەکان و گرتنەبەری رێگەکانی پێویست بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان.
تەوەری چوارەم: رۆڵی تەکنەلۆژیای نوێ لە کەمکردنەوەی کێشەکانی سەرچاوە ئاوییەکان.