کازمی: ئامادەی ڕادەست کردنی دەستەڵاتم بە ھەر دەوڵەتێکی ھەڵبژاردە لە عێراق دا
سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە وتووێژ ناکەڕێگای چارەسەریی گرفتەکانە لەم وڵاتە، پێی داگرت: ئامادەی ڕادەست کردنی دەستەڵاتم بە ھەر دەوڵەتێکی ھەڵبژاردە لە عێراق دا.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنج شەممەی «ئەلعەھد نیوز»، «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ڕادەستکردنی دەسەڵات بە هەر حکومەتێک کە پێکبهێنرێت و داوای لە سەرکردەکانی عێراق کرد ،لە پێناوی وڵاتدا قوربانی بدەن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: “17 ساڵ دواکەوتووین و ئێستا چانسێکمان بۆ هاتووەتەپێش، لە ناوەڕاستی ڕێگادا وەستاوین و یەک مەودامان لەگەڵ هەموواندا هێشتووەتەوە، بەهیوام لایەنە سیاسییەکان پشتیوانیمان بکەن”.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: عێراق لە دوای هەڵبژاردنەوە ڕووبەڕووی گرفتێکی سیاسیی ڕاستەقینە بووەتەوە و پێویستی بە چارەسەرە، ڕێگەچارەکەش وادەخوازێت گفتوگۆ بکرێت و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد گفتوگۆی جددی بکەن و ئەوەی بە “تاکە چارەسەر” ناوزەدکرد.
کازمی داوای لە سەرکردەکانی لایەنەکان کرد “لە پێناوی وڵاتدا قوربانی بدەن” و وتی:پەنابردنەبەر گرژیی میدیایی و نانەوەی پشێوی و ڕووخاندنی ورەی خەڵک، یارمەتیی بنیادنانی ئەزموونی نوێی دیموکراسیمان نادەن.