نێچیرڤان بارزانی : هەڵس و کەوتی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نایاساییە
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق پێی داگرت: داخوازیی بۆ هەڵس و کەوت و پەیوەندیی ئابووریی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، نایاساییەو بەس لە لایەن بەشێکی هەرە بچوکی پارتێکی سیاسییەوە هاتووەتە ئاراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێک لە نوێنەرانی کوردی پەرلەمانی عێراق پێشنیاری ئەوەی کرد کە ئەگەر بێت و ڕێکەوتن لە نێوان هەولێرو بەغدا لە سەر کێشەی نەوت و بوجە نەکرێت، دەبا دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بە مەبەستی چارەسەر کردنی کێشەی بڕانی موچەی کارمەندانی هەرێم بە شێوەی ڕاستەوخۆ کۆنترۆڵی ئابووریی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بگرێتە دەست.
لەبارەی ئەم پێشنیارەوە کە کاردانەوەی تەباو ناتەبای زۆریشی لێ کەوتووەتەوە، نێچیرڤان بارزانی وێڕای ئاماژە کردن بە نایاسایی بوونی وەها کارێک وتی: لەوانەیە پارتێکی سیاسیی تایبەت بەنیازی ئەنجام دانی ئاوا کارێک بێت و ئەگەر ئەو پارتەش پێی دەکرێ ئەو کارە ئەنجام بدات، دەوڵەت هیچ لارییەکی نییە.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق وتیشی: چوارچێوەی یاسایی، موچەو کاروباری ئیداری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە وتووێژە تێروتەسەلەکانی ساڵی دووهەزارو سێ دا بناغەکەی ڕۆنراوەو بەغدا ناتوانێ بەم ئاسانییە ئەم چواڕچێوەیە تێک دات و بە شێوازێکی دیکە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێم دا بجوڵێتەوە. ناوبراو وتیشی: ئەم بابەتە خواستی تەواوی خەڵکی سلێمانی نییە.
بارزانی هەروەها پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەولێرو بەغدای بە باش نرخاندو وتی: گرفتەکانی نێوانمان بە دیالۆگ چارەسەر دەبێت.