چاوپێکەوتنی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەستەمووڵ لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دیدار و وتووێژی کرد. ئەو دیدارە لەبارودۆخێکدا ئەنجام دەگرێ کە پەیوەندییەکانی ئانکارا-بەغدا لەو دواییەدا شێواوە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، بارزانی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە ئانکاراو لەگەڵ بینالی یێلدریم سەرۆک وەزیران، مەولود چاووش ئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیا بەجیا دیدار و وتووێژی کرد.
نێچیرڤان بارزانی پاشان بەرەو ئەستەمووڵ کەوتەڕێ و لە کۆشکی ناسراو بە مابەین بەجێماوی سەردەمی عوسمانی، لەگەڵ ئەردۆغان لەپشت دەرگا داخراوەکان دیداری کرد.
دەزگەی سەرۆک کۆماریی تورکیا لەسەر ماڵپەڕی فەرمییەکەی تەنیا وێنەیەکی ئەو دیدارەی بلاو کردەوەو هیچ شیکارییەکی نەخستەڕوو.
دیداری ئەردۆغان و بارزانی پتر لە کاژێرێک درێژەی خایاند.
دەگوترێ ، لەو دیدار و دیمانانە، پرسی ڕزگارکرانی موسڵ، بارودۆخ لە تەلەعفەر، گۆڕانکارییە سیاسی وئاسایشییەکانی باکووری ئێراق و ناوچە، هاوکارییە ئابووریی وبازرگانیەکان و وزەی تورکیاو هەرێمی کوردستانی ئێراق، خراوەتە بەرباس و لێکدانەوە.
لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی تورکیا وایان لێکداوەتەوە کە پرسی گیرانی هاوسەرۆکان و نوێنەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلان(هەدەپە) و هەروەها شارەوانانی هەڵبژاردەی ئەو پارتە لەناوچە کوردنشینەکانیش لەو وتووێژانەدا هاتووەتە ئاراوە.
ئەو میدیایانە بەئاماژە بە خزمایەتی ئەحمەد تورک شارەوانی شاری ماردین لەگەڵ خێزانی بارزانی پێش بینیان کردووە، پرسی قۆڵبەستکرانی ناوبراویش لەو دیدارانەدا بەتایبەتی هاتبێتە ئاراوە.
دوو هاوسەرۆکی هەدەپە لەگەڵ هەشت نوێنەرو زیاتر لە سی شارەوانی هەڵبژاردەی ئەو پارتە لە ناوچە کوردنشینەکان خراونەتە زیندان. لێدوانی بەرپرسانی تورکیا سەبارەت بە هێڵە سورەکانی ئەو وڵاتە لە ئێراق و پێداگری لەسەر درێژەی ئامادەبوونی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە پێگەی باشیک لەنزیک موسڵ لەم دواییەدا کێشەی نێوان ئانکارا-بەغدای قووڵ کردووە.