مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی 10 رۆژ دەرفەت دەدەنە حکومەتی هەرێم
مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی پاش ئەنجامدانی خۆپیشاندان ماوەی 10 ڕۆژ دەرفەتیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دانا تاوەکوو بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچێت.
بەپێی ئەم هەواڵەد خۆپیشاندانەکە لەبەردەم بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئەنجامدرا و دواتر چوونە بەردەم بینای ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی.
لەوێشدا مامۆستایان و فەرمانبەران یاداشتێکیان خوێندەوە، کە دووپاتی داواکارییەکانی پێشووی دەکردەوە و ماوەی 10 رۆژیش دەرفەتیان بۆ حکومەتی هەرێم دانا، بۆ ئەوەی بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچێت.
هاوکات، ئازاد محەمەد سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ کۆمەڵێک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی چووە ناو خۆپیشاندەران و پشتگیری خۆشی بۆ داواکارییەکانیان دووپاتکردەوە.
ئازاد محەمەد لەگەڵ چوونی بۆ ناو خۆپیشانداران، پێشوازیی لێکرا و داوای لێکرا لەڕێگەی ئەنجوومەنەکەیەوە بۆ گەیاندنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵ بدات.
مامۆستایان و فەرمانبەران داواکارییەکانیان لەهەڵگرتنی سیستەمی پاشەکەوتی موچە و دابەشکردنی موچەی مانگانە لەکاتی خۆی دەبینییەوە و جەختیشیان کرد کە هەتا حکومەت بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەچێت، لە مانگرتن بەردەوام دەبن.