بەردەوامیی مانگرتنی مامۆستایان وێرای گە ف و هەڕەشەی حکومەتی هەرێم
وێڕای هەڕەشە و گوڕەشەکانی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەوەی کە بە شێوەی یاسایی بەرەنگاری ئەو مامۆستایانەی دەبنەوەی کە نایەنە سەر وانە و پۆلەکانی خوێندن، مامۆستایانی نارازیی کوردستان جەختیان کرد لە سەر درێژەدان بە مانگرتن و هەر ئەو وەڵامدانەشیان بووە هۆی تەشەنەی کێشە و ناکۆکیی نێوان ئەم وەزارەتخانەیە و مامۆستایانی ناڕازی.
پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستانی ئیراق ڕۆژی یەکشەممە بە ئاماژەی ناراستەوخۆ بە سیاسی بوونی داخرانی خوێندنگەکان لە لایەن مامۆستایانی نارازییەوە، هەڕەشەی لەوان کرد کە بێتوو نەگەڕێنەوە سەر پۆل و وانەکانی خوێندنیان، بە شێوەی یاسایی هەڵس و کەوتیان لەگەڵ دەکرێ.
لە وەڵام بەم هەڕەشەیە، مامۆستایانی ناڕازیش شەوی دووشەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک رایانگەیاند کە نەک هەر کۆتایی ناهێنن بە مانگرتنیان بەڵکوو هیچ ترسێکیشیان لە هەڕەشە و گوڕەشەکانی وەزیری پەروەردە نییە.
پێش دەرکردنی ئەم بەیاننامەیە، مامۆستایانی ناڕازی جارێکی دیکە ڕۆژی یەکشەممە لە شاری سلێمانی کۆ بوونەوە و خوازیاری درانی تۆکمە و تەواوی موچەکەیان و هەروەها هەموو ئەو موچانەی بوون کە لەو ماوەیەدا نەدراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بە راگەیاندنی کەمبوونی بودجەی ١٠٠ ملوێن دۆلاری بۆ هەر مانگ، دەستی کووە بە کەم کردنەوەی رادەی موچەی فەرمانبەرانی ئەم هەرێمە.
لە کاردانەوە بەو کردەوەی حکومەتی هەرێم، مامۆستایانی نارازی زیاتر لە چوار مانگە کە مانیان گرتووە و هەر لەم ئاراستەیەدا پتر لە نیوەی خوێندنگەکانی سلێمانی داخراون و بەشێکی زۆر لە خوێندنگەکانی دیکەیش بە شێوەی نیوەداخراون.