مووچەی زیاتر لە 8 هەزار ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕاگیراوە
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەستیکردووە بە چاکسازی لە وەزارەتەکەیداو لەهەوڵدایە ژمارەی ئەفسەرەکانی سەر بە وەزارەت کەمبکاتەوە، هاوکات مووچەی 8 هەزار ئەفسەر لەهەمان وەزارەت ڕاگیراوەو بڕیاریشە وەزارەتەکە لەلایەن لیژنەیەکی بەریتانییەوە بچووک بکرێتەوە.
جەبار یاوەر بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ، ئاشکرایکرد، ئەوانەی مووچەیان ڕاگیراوە ئەو ئەفسەرو پلەدارانەن کە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەوام دەکەن، بەڵام پێشتریش لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە دامەزراون و هەندێکیان خانەنشین کراون و هەندێکیشیان دوو مووچە وەردەگرن.
یاوەر وتى: نووسراو کراوە بۆ حکومەتی عێراقی بۆ ئەوەی ئەو ناوانەی مەبەستەو مووچەیان هەیەو لە هەردوولاش دەوام دەکەن ئیجرائاتیان لەگەڵ بکەین.
وتیشى: ئه‌و لیژنه به‌ریتانییە، لیژنه‌یه‌کی پسپۆڕی سه‌ربازییه‌و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه داوایان لێکراوه هاوکاری وه‌زاره‌ت بکه‌ن و له‌گه‌ڵ لیژنه‌یه‌کی وه‌زاره‌ت هه‌ماهه‌نگی له هه‌موو کاروبارێکی وه‌زاره‌تدا ده‌که‌ن.
راشیگەیاند: پرسی ״بندیوار״ و مووچەی بێ ناونیشان لە وەزارەتی پێشمەرگەدا، پرسێکی گەرم بوو و بەردەوام پەرلەمانتارانی کوردستان هۆشدارییان داوە کە لەو وەزارەتەدا ״بندیوار״ێکی زۆر هەیە، ژمارەی ئەو ئەفسەرانەش کە ئێستا لە وەزارەت مووچەیان ڕاگیراوە 8 هەزارن، چونکە گومانیان لێدەکرێت ئەو ئەفسەرانە یان ״بندیوار״ بن یاخود دوو مووچەو سێ مووچەیان هەبێت.
دلێر ماوەتی جێگری سەرۆکی لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتى: ژمارەی ئەو ئەفسەرانەی مووچەیان ڕاگیراوە 8 هەزارن و گومانیان لێدەکرێت بندیوار بن یان دوو مووچەو سێ مووچەیان هەبێت.