هەر سێ لایەنە ئیسلامییەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق کۆبوونەوەیەکی لووتکەیی بەڕێوە دەبەن
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانی عیراق رایگەیاندووە، لەسەرەتای ساڵی تازەوە کۆبوونەوەی لووتکەیی لە نێوان کەسی یەکەمی هەر سێ لایەنە ئیسلامییەکە ئەنجامدەدرێت و دەڵێت “ئەو بیروبۆچون و راوێژانە گەڵالە دەکرێت، کە لە نێوان لایەنە ئیسلامیەکاندا پێشتر کراوە”.
بڕیارە هەریەک لە سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، عەلی باپیرئەمیری کۆمەڵ و عیرفان عەلی عەبدولعەزیز،رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستانی عێراق، لە شاری سلێمانی کۆبوونەوەی لووتکەیی ئەنجام بدەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بەمالپەری نوچەنێت، " دکتۆرعەبدوڵڵا وەرتی" ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستانی عیراق ، سەبارەت بە کۆبوونەوەی سێ سەرکردە ئیسلامیەکە رایگەیاند: مەبەست لە ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە، تەنها بیر و راگۆڕینەوەیە و ئەو بیر و بۆچوون و راوێژانە گەڵالە دەکرێت کە لە ماوەی رابردوودا لە نێوان لایەنە ئیسلامیەکاندا کراوە.
عەبدوڵڵا وەرتی ئاماژە بەوە دەدات کە چەند دیدار و کۆبوونەوە کراوە، لە نێوان هەر سێ لایەندا و هەریەکە پڕۆژەی خۆی پێشکەش کردووە، بەڵام تا ئێستا کات و شوێنی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە وەرتی گوتی “لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندیی نێوان لایەنە ئیسلامیەکان دەکرێت، کە ئایا یەکخستنی ریزەکانە یان پیکهێنانی هاوپەیمانێتیەکی سیاسی یان هەربابەتێکی تر”.
ئەو بەرپرسە باڵایەی بزووتنەوەی ئیسلامی جەخت دەکاتەوە، کە “کۆبوونەوەکە لە سەر ئاستی لوتکە دەبێت، مامۆستا سەلاحەدین، مامۆستا عەلی باپیر و مامۆستا عیرفان، ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن”.
هەر سێ لایەنە ئیسلامییەکە لە پەرلەمانی هه رێمی کوردستان، خاوەنی 17 کورسین.