دیداری سەرۆک کۆماری ئێراق لەگەڵ مەسعود بارزانی
سەرۆک کۆماری ئێراق نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق لە هەولێر دیداری کرد.
فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری ئێراق نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا وتووێژی کرد.
بەپێی نووسینی ماڵپەڕی ئەینەی ئێراق، لەو چاوپێکەوتنەدا دوولایەن لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسی وئاسایشییەکان لەهەرێمی کوردستان و گشت ئێراق و هەروەها پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغداو چۆنیەتی پەرەی ئەو پەیوەندییانە، وتووێژیان کرد.
بەپێی بەیاننامەی دەرکراوی نووسینگەی فوئاد مەعسوم، هەروەها پرسی هەڵبژاردنەکان، چارەسەریی ئاشتیانەی ناکۆکییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمیش خرایە بەرباس و لێکدانەوە.
رۆژی ڕابردووش عەممار حەکیم سەرۆکی ئیئتلافی نیشتمانی ئێراقیش لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەبارەی چارەسەریی ناکۆکی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی و هەروەها داهاتووی ئێراقی پاش داعش، وتووێژ و ڕاوێژی کرد.