پارتی هەشت پۆست دەدات بە یەکگرتووی ئیسلامی
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند"بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا پارتی هەشت پۆستی دیکە لە ئیدارەی پارێزگای دهۆک بدات بە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان".
(هۆشیار فەریق)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "دوای دەست بەکاربوونی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک هەر زوو پارتی دەستپێشخەر بوو حکوومەتی خۆجێیی دهۆک حکوومەتێکی بنکە فراوان بێت و هەموو ئەو لایەنانەی کورسییان هەیە بەشدار بن لە ئیدارەی پارێزگای دهۆکدا، بەڵام لەبەر ئەوەی گۆڕان و یەکێتیی ئامادە نەبوون لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە مافی پارتی بدەن بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، لەبەر ئەوەیش تەنیا لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی گەییشتین بە رێککەوتن، خۆ پارتی زیاتر لە نیوەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی بردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش هەر ویستمان لایەنەکانی دیکەیش بەشدار بن لە حکوومەتی خۆجێیی دهۆکدا".
ناوبراو وتیشی "لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان فڕاکسیۆنی ئێمە و یەکگرتووی ئیسلامیدا لە ئەنجوومەنیش پەسەند کرا و بەپێی رێککەوتنەکە دەبوو پارتی 25 کورسی بدات بە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ئیدارەی دهۆک، بەڵام بە هۆی ئەوەی لە ڕووی یاسایی و کارگێڕییەوە هەندێ رۆتینیات هەبوو، تا ئێستا 17 پۆست دراون بە برادەرانی یەکگرتوو، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەشت پۆستی دیکەیش بدرێن بە یەکگرتووی ئیسلامی".