هێمن هەورامی وەک ڕاوێژکاری بارزانی دەست بەکار دەبێت
هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق، وەک ڕاوێژکاری بارزانی دەست بەکار دەبێت.
به پێی ڕاپۆرتی باس نیوز ئەمڕۆ یەکشەممە هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی پارتی، بە بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "لەمەودوا لە نووسینگەی سەرۆک و وەک هاوکاری کارەکانی جەنابیان دەست بەکار دەبم".
هێمن هەورامی ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ماوەی 6 ساڵ لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتیی کوردستاندا کاری کردووە و دەڵێت: ”لەو ماوەیەدا ئەوەی لە تواناماندا بووە، ئەنجاممان داوە. برای بەڕێزم هۆشیار سیوەیلی، ئەرکی بەرپرسیارێتیی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەستۆ دەگرێت“.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق، زنجیرەیەک گۆڕانکاری لە پۆستە حزبییەکاندا جێبەجێ کردووە و ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ئەوەی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد کە پارتی گۆڕانکاری لە پۆستە حکوومییەکانیشیدا دەکات.