لایەنە ئیسلامییەکانی هەرێم هەوڵی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی هاوبەش دەدەن
لایەنە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان هەوڵی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی هاوبەش دەدەن، بۆ ئەوەی لەکۆنگرەکەدا بڕیار لەبارەی کاری هاوبەشو یەکگرتنەوە بدەن.
لیژنەی کاری هاوبەشی لایەنە ئیسلامییەکانی هەرێم (یەکگرتووی ئیسلامیو کۆمەڵی ئیسلامیو بزووتنەوەی ئیسلامی) کوردستان، ئەمڕۆ سێ شەممە لەشاری هەولێر کۆبوونەوە، کە کۆبوونەوەکە درێژەی ئەو کۆبوونەوانەی تر بووە، لەماوەی رابردوو ئەنجامیانداوە، ئەوەش بەقسەی بەرپرسانی ئەو حیزبانە.
هەر بەقسەی بەرپرسانی حیزبە ئیسلامییەکان، کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بۆ گەیشتنە بەرێککەوتنێک بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی هاوبەشی نێوان هەرسێ حیزبە ئیسلامییەکە، کە دەیانەوێت لەو کۆنگرەیەدا، بڕیاری لەبارەی کاری هاوبەشی پێکەوەییو یەکگرتنەوە بدەن.
ماوەیەکە لایەنە ئیسلامییەکانی هەرێم دەستیان بەلێکنزیکبوونەوە کردووە، بۆ ئەوەش لیژنەیەکی کاری هاوبەشیان پێکهێناوەو لیژنەکەش کار بۆ یەکگرتنەوەی لایەنە ئیسلامییەکان دەکات.