لە شنگاڵ چ باسه ؟
هاوتەریب لەگەڵ تاوسەندنی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵ کردنەوەی موسڵ و چوونەسەری هیواکان بۆ ڕزگارکرانی بەزوویی ئەو شارە، ململانێکانیش لەئاستی جۆراوجۆردا بۆ ئامادەبوون و کاریگەری دانان ناوچەی باکووری ئێراق، تاویان سەندووە . گرووپ ولایەنەکانی کورد بە هەڵوێست و ئینتیمای جیاجیا لەنێوخۆیاندا بۆ دزەکردنی زیاتریان ، چوونەتە قۆناخی ڕکابەریی هەراسازکەر و لەم دواییەدا تێکهەڵچوونی ڕاستەوخۆ.
سەرلەبەیانی دوێنێ هەینی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ سەر بە پارتی و یەبەشە واتە یەکینەکانی بەرخودانی شنگال کە وەک لقێکی پەکەکە دێتە ئەژمار، لەناوچەی خانە سۆر لە نزیک قەزای سنونێ کە دەڕوانێتەسەر سنووری سوریا، پێکەوە کەوتنە شەڕ و پێکدادان.
هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژ بە٥٠٠هێز بەفەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە(کوردستانی ئێراق) نێردرابوونە ئەو ناوچەیە هەتا کۆنترۆڵی بگرنەدەست بەڵام هەربەوجۆرەی چاوەڕوانی دەکرا، لەگەڵ خۆڕاگریی توندی یەکینەکانی بەرخودانی شنگالدا بەرەوڕوو بوون.
هەر لەبنەڕەتڕا هیزی پێشمەرگەی رۆژ پێکهاتووە لە ژمارێک لە کوردەکانی سوریا لەلایەن بارزانییەوە بەئامانجی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی پەیەدەو بەگشتی لایەنەکانی هاوتەریب لەگەڵ پەکەکە هاتەدی و مەشقیان پێکرا.
لێژنەی دەرەوەیی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پەکەکە لە بەیاننامەیەکدا هێرشی ڕۆژی ڕابردووی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژی بە پیلانێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە زانی وڕایگەیاند: هێرش کردنەسەر شنگال لەلایەن بارزانییەوە لە دیداری ئەم دواییەی لەگەڵ ئەردۆغان، گەڵاڵەڕێژی کراو وەزیری دەرەوەی تورکیاش بەئاشکرا ئاماژەی بەو ئۆپراسیۆنە کردبوو.
هەرلەو بارەوە هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە ئاناتۆلی تورکیا ڕاپۆری دا؛ مەولود چاووش ئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیاش لەقاوی دا کە لەدیداری ئەم دواییەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق بڕیاردرا کە دوولایەن هەڵمەتێکی سەربازی هاوبەش لەدژ پەکەکە ئەنجام بدەن کە هەڵبەت ئەو هەڵمەتە لەچوارچێوەی یاساوڕێسای وڵاتی ئێراقدا ئەنجام دەگرێ.
رۆژنامەی حورییەتی تورکیاش نووسی؛ چاووش ئۆغڵوو لەقسەگەلێکدا لەبارەی شەڕ وپێکدادانی ڕۆژی هەینی هێزەکانی سەر بە پارتی و پەکەکە لەشنگال وتوویەتی کە؛ هێرش بۆسەر هیزە یاساییەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق قەبووڵکراو نییە.
ناوبراو پێی داگرت؛ هەڵوێستی حکومەتی تورکیا داکۆکی لە هەرێمی کوردستانی ئێراق و سەرزەوین و خاکی ژێر کۆنترۆڵ و چاودێری ئەو هەرێمەیە.
تورکیا بەجاران خوازیاری هەڵس وکەوتی توند بووە لەگەڵ کوردەکانی شنگال کە لەژێرچاودێری پەکەکەدان. لەڕاستیدا یەکێک لە بیانووەکانی تورکیا بۆ ئامادەبوون لە پێگەی باشیک، بەرەنگاربوونەوەی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال(یەبەشە) ـە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراقیش یەکینەکانی بەرخودانی شنگالی ڕاسپاردووە، خۆیان ناوچەی شنگال جێ بێڵن و شەڕ وپێکدادانی نێوان کوردەکان بەقازانجی خەڵکی کورد نییە.
دوابەدوای ڕاگیرانی شەڕی سێ کاژێریی ڕۆژی هەینی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ و هێزەکانی یەبەشە کە دەگوترێ ژمارێک قوربانی لەهەردوو لاوە لێکەوتووەتەوە، دانوستانی نێوان دوولایەن بەمەبەستی چارەسەریی کێشەکان ئەنجامی گرت بەڵام سەرچاوەکانی نزیک بەو دانوستانانە دەڵێن، هیچ ئاکامێکی بەدواوە نەبووە.