لەهەولێر و سلێمانی هێرشکردنە سەر د.فەرهاد پیرباڵ شەرمەزار کرا
لەهەولێر و سلێمانی بەکۆبوونەوە ئیدانەی هێرشکردنە سەر د.فەرهاد پیرباڵ کرا.
ئێوارەی دوێنێ 13 ی نیسانی 2017 ژمارەیەک لە چالاکوان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبەردەم پارکی شانەدەر لەشاری هەولێر گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و لەبەیاننامەیەکدا ئیدانەی هێرشکردنە سەر د.فەرهاد پیرباڵ نووسەر و ڕۆشنبیر کرا.
ئەو ڕێکخراوانە داوایانکرد کە ئەو کەسانەی هێرشیان کردۆتە سەر د.فەرهاد پیرباڵ بدرێنە یاسا و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بەسزای خۆیان بگەن.
هاوکاتی گردبوونەوەکەی شاری هەولێر و لەچوارچێوەی ئیدانەکردنی هێرشکردنە سەر د.فەرهاد پیرباڵ لەشاری سلێمانی ژمارەیەک لە نووسەر و رۆژنامەوان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تێیدا ئیدانەی ئەو هێرشکردنەیانکرد.
لەبەیاننامەی گردبوونەوەکەی سلێمانیدا داواکرابوو کە دەسەڵاتی دادوەری و دەزگەیاساییەکان و دەستەی مافی مرۆڤ بەرامبەر هێرشکردنە سەر د.فەرهاد پیرباڵ هەڵویستی رژدیان هەبێت.
ئێوارەی رۆژی چوارشەم دوو کەس هێرشیان کردە سەر نووسەر و ڕۆشنبیری فەرهاد پیرباڵ و ئازاریان دا و لێیان دا، دیمەنەکانی ئەو ڕووداو بە ڤیدیۆ بڵاو کرایەوە، میدیاکان و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی تەنییەوە، دواتر گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی دا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاگەدار بابەتەکەیە و زۆر دڵگرانە بەم ڕووداوە، دەزگە پێوەندارەکانیشی ڕاسپاردووە ئەنجامدەرانی هێرشەکە بگرن، تا بدرێنە دادگا و بەپێی یاسا رێوشوێنیان لەگەڵ بگیرێتە بەر.
هەر دوێنێ شەو پۆلیس و هێزە تەناهییەکان ئەو دوو کەسەیان گرتووە و ئەوان ئێستە لە گرتووخانەن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.