هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان
دەستەی سەرۆکایەتی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردراو سەرۆکی ئەو جڤاتە دەبێتە ئەندامی مەکتەب سیاسی ئەو پارتە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە کەناڵی کەی ئێن ئێن ئەمڕۆ شەممە بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی دەستەی سەرۆکایەتی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، سەرۆک، جێگرەکەی و سکرتێری جڤاتی گشتی هەڵبژێردران.
بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، دوکتور رەئوف عوسمان وەک سەرۆکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا کە بەگوێرەی یاساوپرەنسیپی ناوخۆی ئەو پارتە، ئەندامێکی مەکتەب سیاسی دەبێ.
لە هەڵبژاردنەکانی جڤاتی گشتیی هەروەها ساڵح محەممەد وەک یاریدەری سەرۆکی جڤات و دڵخواز قادر وەک سکرتێری جڤاتی گشتی هەڵبژێردران.
جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ، دەوری ڕاوێژکاریی لەو پارتەدا دەبینێ و نەخشەڕێگاو سیاسەتە گشتییەکانی پارتەکە دەسنیشان دەکاو دەیخاتە بەردەست جڤاتی نیشتمانی هەتا وەک یاساو پەسەندکراوەی حیزبیان لێ بکات.
بڕیارە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و بە بەڕێوەبردنی جڤاتی نیشتمانی وهەڵبژاردنی ئەندامانی دیکەی ناوەندی کارگێڕی کە هاوسەنگی مەکتەب سیاسی پارتەکانی دیکەیە، سەرەنجام سەرۆکی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرێ.