کاردانەوەی بەربڵاو بەرامبەر بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سەبارەت بە ڕیفراندۆۆم
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i306665-کاردانەوەی_بەربڵاو_بەرامبەر_بە_بڕیاری_ئەنجومەنی_پارێزگای_کەرکوک_سەبارەت_بە_ڕیفراندۆۆم
بە ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سەبارەت بە بەشداریی کەرکوک لە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ئاستی خۆجێیی و نیشتیمانی و ناوچەیی دا دژی ئەم بڕیارە کاردانەوەی بەربڵاو پیشان درا.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئاب 30, 2017 16:32 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی بەربڵاو بەرامبەر بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سەبارەت بە ڕیفراندۆۆم

بە ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سەبارەت بە بەشداریی کەرکوک لە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ئاستی خۆجێیی و نیشتیمانی و ناوچەیی دا دژی ئەم بڕیارە کاردانەوەی بەربڵاو پیشان درا.

هالە نورەددین ئەندامی  ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند: ڕۆژی سێ شەممە 29ی ئوت ئەنجومەنی ئەم پارێزگایە بە ئامادە بوونی 24 ئەندام لە تێکڕای 41 ئەندامەکە ڕەزامەندییان دەربڕی بۆ بەشداری کردن لە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان. وتیشی: ئەم دەنگ وەرگرتنە بە ئامادە بوونی نەجمەددین کەریم پارێزگاری کەرکوک و لە جەنگەی یاساغ کرانی کۆبوونەوەکە لە لایەن ئەندامانی عەرەب و تورکمانەوە ئەنجامی گرت.

مەسەود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق حەوتی ژوئەنی ڕابردوو ڕایگەیاند کە ڕیفراندۆمی جیا بوونەوەی کوردستان لە عێراق ڕۆژی 25ی سپتامبەری داهاتوو بەڕێوە دەچێت. لە هەل و مەرجێکدا کە 25 ڕۆژی ماوە بۆ بەرپا کرانی ڕیفراندۆمیەکە، بەڵگەکان دەربڕی ئەوەن کە ڕیفراندۆمەکە بەڕێوە ناچێت و مەسعود بارزانی و دەوڵەتی خۆجێیی هەرێم بە نیازی سەرەتی وەرگرتن لە دەوڵەتی ناوەندیی بەغدان. یەکێک لەو بەڵگانەش بڕیاری  ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ بەشداری کردن لە ڕیفراندۆمەکەیە.

کەرکوک لە گرینگترین ناوچەکانی جێی ناکۆکیی نێوان دەوڵەتی ناوەندیی بەغداو دەوڵەتی خۆجێیی هەرێمە کە لەژێر ڕکێف و دەستەڵاتی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی ناوەندی دایە. دەوڵەتی خۆجێیی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی تایبەتی بۆ کەرکوک دەڕوانێت. لەم ڕووەوە نەک هەر هەوڵێکی زۆری بە تایبەتی لە ماوەی سێ ساڵی ئەم دواییە خستووەتە گەڕ هەتا کۆنترۆڵی کەرکوک بە دەستەوە بگرێت، بەڵکو ئەنجومەنی ئەم پارێزگایەشی بۆ هەڵس و کەوتێکی هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هەرێم هان داوە، لەوانە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پارێزگاریی کەرکوک لە کۆتایی مارسی 2017و هەروەها بڕیاری ڕۆژی ڕابردووی بۆ بەشداری کردن لە ڕیفراندۆمەکەی 25ی سپتامبەرە.

بڕیاری  ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەگەڵ کاردانەوەی بەربڵاوی لە سێ ئاستی خۆجێیی و نیشتیمانی و ناوچەیی د بەرەوڕوو بووەتەوە. لە ئاستی خۆجێیی دا تورکمانەکان و عەرەبەکان کە بەشێکی گرینگی کەرکوک پێک دێنن لەگەڵ ئەم بڕیارەدا دژایەتییان کردووەو تەنانەت دەنگ وەرگرتنەکەشیان یاساغ کردووە. هەر لەم ئاراستەیەدا ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی ڕایگەیاندووە: ئەوەی وا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامی داوە نایاساییە. موحەممەد تەمیم نوێنەری عەرەبەکانی کەرکوکیش داوای لە دەوڵەتی ناوەندی کردووە کە بۆ ڕاگرتنی بەشداریی کەرکوک لە ڕیفراندۆمەکەی هەرێم بجوڵێتەوە.

لە ئاستی نیشتیمانیش دا، دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا نەک هەر نەیاری پەیوەست بوونی کەرکوک بە هەرێمی کوردستانە، بەڵکو هەنگاوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش بە دژی یاسا دەزانێت. حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی ناژیرانەو بە کردەوەیەکی هەڵە وەسف کردووەو سەلیم جەبووری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش وتوویەتی: کەرکوک لە ڕووی ئیداری و دراڤییەوە بە دەوڵەتی فیدراڵەوە بەستراوە.

عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراقیش وێڕای دژایەتی کردن لەگەڵ پەیوەست بوونی کەرکوک بە ڕیفراندۆمی جیا بوونەوەی هەرێم، پێی داگرتووە کە: کەرکوک دەبێ پارێزگایەک بێت بۆ تەواوی عێراقییەکان.

ئینجا لە ئاستی ناوچەییش دا بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەگەڵ کاردانەوەی تورکیادا بەرەوڕوو بووەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە دەر کردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە ڕیفراندۆم لە ڕاستی دا پێشێلکەرێکی مەترسیداری یاسای بنەڕەتیی عێراقە.

وا پێ دەچێت مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بە پشتیوانی و یارمەتیی هێندێک لە ڕەوتە هاوتەریبەکان لەگەڵ دەوڵەتی هەرێم بە نیازی نوساندنی کەرکوک بە هەرێمی کوردستانەوەیە کە هۆیەکەشی زیاتر بۆ بوونی سەرچاوەی دەوڵەمەندی نەوت لەم پارێزگایەدا دەگەڕێتەوە و هەوڵ دەدات ئەم سەرەتییەی لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمەکەی جیا بوونەوەی کوردستان لە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بەدەست بێنێ.