نەیارەتیی ئەنجومەنی باڵا، پەرلەمانی عێراق و کۆمکاری عەرەب لەگەڵ گەڵاڵەی ڕیفراندۆمی بارزانی
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i308257-نەیارەتیی_ئەنجومەنی_باڵا_پەرلەمانی_عێراق_و_کۆمکاری_عەرەب_لەگەڵ_گەڵاڵەی_ڕیفراندۆمی_بارزانی
ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق لە بەیاننامەیەک دا لەگەڵ گەڵاڵەی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی ئەم وڵاتە لەمەڕ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم نەیارەتیی کردو داوای لە کاربەدەستانی عێراقی کرد بۆ پێشگرتن بەم گەڵاڵەیە هەوڵ بدەن.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئه‌یلوول 14, 2017 12:20 Asia/Tehran
  • نەیارەتیی ئەنجومەنی باڵا، پەرلەمانی عێراق و کۆمکاری عەرەب لەگەڵ گەڵاڵەی ڕیفراندۆمی بارزانی

ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق لە بەیاننامەیەک دا لەگەڵ گەڵاڵەی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی ئەم وڵاتە لەمەڕ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم نەیارەتیی کردو داوای لە کاربەدەستانی عێراقی کرد بۆ پێشگرتن بەم گەڵاڵەیە هەوڵ بدەن.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی عێراق(واع)،ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق ڕۆژی چوارشەممە لە کۆتایی کۆبوونەوەی خۆی دا سەبارەت بە لێکدانەوەی ئاڵ و گۆڕەکانی هەرێمی کوردستانی ئەم وڵاتە بە دەر کردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان زەبرێکی قورس لە گەلی یەکپارچەی عێراق دەوەشێنێ و بەم پێیە،ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق لێبڕاوانە نەیارەتیی خۆی لەگەڵ گەڵاڵەی ڕیفراندۆمێکدا کە بەپێچەوانەی یاسای بنەڕەتیی عێراق بێت، ڕادەگەیەنێت.

لەم بەیاننامەیەدا پێ لە سەر ئەوە داگیراوە کە، کۆڕی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق پرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت جوڵانەوە سەربازییەکان لە پارێزگای کەرکوک بەوردی پێ و شوێن دەگرێت.

ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق لەم بەیاننامەیەدا، گەلی عێراق و بە تایبەت دانیشتووانی ناوچەی کوردستانی ئەم وڵاتەی لە بارەی شوێنهاتە نالەبارو پڕمەترسییەکانی سیاسەتی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم ئاگادار کردووەتەوە.

بەرلەمەش، نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی سێ شەممە سەرباری ناڕەزامەندی دەربڕینی ئەندامانی کوردی پەرلەمان، لەگەڵ گەڵاڵەی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی عێراق و جیا بوونەوە لە دەوڵەتی ناوەندی نەیارەتییان کردبوو.

هەر لەم حاڵەدا، ئەحمەد جەمال وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش باسی نەیارەتیی ئەنجومەنی وەزارەتیی کۆمکاری عەرەبی کرد بوو لەگەڵ گەڵاڵەی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی عێراق دا.

ئەحمەد جەمال وتووشیەتی: لە دانیشتنەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزارەتیی کۆمکاری عەرەب لە قاهیرە، ئەم پێکهاتەیە بە پێی داخوازیی ئیبراهیم جەعفەری وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق ، لە بەر نایاسایی بوون و یەک نەگرتنەوەی لەگەڵ یاسای بنەڕەتیی عێراق دا بڕیارنامەیەکی دژی گەڵاڵەی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەرکرد.

هاوکات حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گەشتەکەی بۆ پارێزگای زیقاری باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراق، لە کۆبوونەوەیەک دا بە ئامادە بوونی پارێزگارو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاریی، وێڕای پێداگرتن لە سەر سەروەریی عێراق،گەڵاڵەی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی عێراقی بە پێچەوانەی یاسای بنەڕەتی لێکدایەوە.

حەیدەر عەبادی ڕاشیگەیاند: جەماوەری عێراق لە نیشتیمانێکی هاوبەش دا دەژین و نابێ لەم وڵاتەدا گەڵاڵەگەلی یەک لایەنە بەڕێوە ببردرێت.

پێداگریی " مەسعوود بارزانی" لە سەر بەڕێوە چوونی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی عێراق دا لە ٢٥ سێپتەمبەری ٢٠١٧ دا بەرەوڕووی کاردانەوەی بە بڕشتانەی دەوڵەتی عێراق، تاقمە جۆر بە جۆرەکانی عیراقی و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بووەتەوە .