بەرهەم ساڵح بە فەرمی واز لە یەکێتی دەهێنێت
جێگری دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەشی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کردووە و داوای لێکردوون ڕەزامەندی لەسەر داواکەی دەرببڕن.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس سەرچاوەیەک لە نووسینگەی بەرهەم ساڵح ڕایەیاند، نامەکە بۆ تەواوی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نێردراوە و ناوەڕۆکەکەی بریتی بووە لە دەست لەکارکێشانەوەی ناوبراو لە یەکێتی.
نامەکەی بەرهەم ساڵح بۆ مەکتەبی سیاسی دوای دوو ڕۆژ دێت لە پەسەند کردنی قەوارە سیاسییەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ژێر ناوی "هاوپەیمانی بۆ دیموکراتی و دادگەری".
سەرچاوەکە، کە نەیوستوە ناوی ئاشکرا بکرێت ئەوەشی خستە ڕوو، دوای پێشکەش کردنی نامەی دەست لە کار کێشانەوەکە، بەرهەم ساڵح سلێمانیی بەجێ هێشتوە و چوەتە هەولێر.
هەر لەم پەیوەندییەدا میدیاکانی هەرێمی کوردستانیش باسی ئەوەیان کردووە کە،بەرپرسێکی یەکێتی نیشتمانی، کە لەگەڵ بەرهەم ساڵحدایەو نەیویستووە ناوی بڵاوبکرێتەوە، وتوویەتی "ژمارەیەک کادێرو بەرپرسی مەڵبەندەکان لەگەڵ بەرهەم ساڵحن، بەڵام دکتۆر بەرهەم زۆر کار لەسەر ئەوە ناکات بەرپرسانی یەکێتی لەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە، چونکو نایەوێت وەک بزووتنەوەی گۆڕان، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوانەی لەگەڵ کاک بەرهەمن ببنە سیمای دیاری قەوارەکە".
ئەو سەرچاوەیە وتووشیەتی "مەرج نییە ئەوەی لەناو یەکێتی لەکاک بەرهەم نزیک بووبێت لەگەڵ قەوارەکەش بێت، لەنێو سەرکردەکانی یەکێتیدا تاوەکو ئێستا یەک کەس ناوی لەنێو ئەوانەدا نییە کە پێشکەشی کۆمسیۆن دەکرێن بۆ لیست، بەڵام رەنگە لەرۆژانی داهاتوودا لەنێو یەکێتییەوە خەڵک هەبن کە پەیوەندیی پێوە بکەن".
ئەمەو لە لایەکی ترەوە،فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، لەو باوەڕەدایە کە مادام بەرهەم ساڵح، دەستی لەکارکێشاوەتەوە "یەکێتی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ناکات بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بداتو داواکەشی پەسەنددەکرێت، چونکە ناوبراو قەوارەی دروستکردووەو خۆشی ئارەزوومەندانە دەستی لەکارکێشاوەتەوە، نەک وەک کارتی گوشار ئەوەی پێشکەشی یەکێتی کردبێت بۆ ئەوەی وتووێژی لەگەڵ بکرێت".
لەدوای نەخۆش کەوتنی تاڵەبانی، بارودۆخی نێوخۆیی یەکێتی نیشتمانی بەناجێگیری مایەوە، پێشتر هەریەک لەکۆسرەت رەسوڵو بەرهەم ساڵح، لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەی ئەو حیزبە "ناوەندی بڕیار"یان راگەیاند، بەڵام دوای گەڕانەوەی کۆسرەت رەسوڵ بۆ سەر کارەکەیو رێککەوتنی لەگەڵ باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ململانێکان بەبێدەنگی مانەوە، چەند جارێکیش لەگەڵ بەرهەم ساڵح هەوڵدرا بۆ ئەوەی بێدەنگی بشکێنێت، بەڵام ئەو نەچووە ژێر بار.
جێگای ئاماژەیە،رۆژی یەکشەممە 17/9/2017، بەرهەم ساڵح نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لەیەکێتی پێشکەش بەکۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی کردو وەک باسیشی دەکرێت گوایە بڕیارە داخوازییەکەی بەرهەم ساڵح بۆ وازهێنانی لە یەکێتیی نیشتیمانی قەبووڵ بکرێت.