ڕەخنەی ئەردوغان و عەبادی لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی جیابوونەوەی ناوچەی کوردستانی ئێراق
سەرۆک کۆماری تورکیاو سەرۆک وەزیرانی ئێراق دیسان نەیارەتی خۆیانیان بەرامبەر بە بەڕێوەچوونی گشتپرسییەکەی ناوچەی کوردستانی ئەم وڵاتە ڕاگەیاند.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاناتولی؛ "ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا شەوی سێشەممە لە پێوەندییەکەی تەلەفوونیدا لەگەڵ "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی ئێراق گشتپرسییەکەی جیا بوونەوەی ناوچەی کوردستانی ئێراقی بە هۆکارێک زانی بۆ پەرەپێدرانی کێشە و ناکۆکی لە ناوچەکەدا.
ئەردوغان و عەبادی هەروەها پێیان داگرت لە سەر پێویستیی داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی ئێراق.
دوو لایەن هەروەها لەم وتووێژەدا بڕیاری ڕۆژی دووشەممەی دادگەی باڵای ئێراق سەبارەت بۆ هەڵپەساردنی گشتپرسی ناوچەی کوردستانی ئەم وڵاتەیان بە هەنگاوێکی باش و بەجێ زانی.
گشتپرسی جیا بوونەوەی ناوچەی کوردستان لە ئێراق بڕیارە ڕۆژی ٢٥ی سێپتەمبەر بەڕێوە بچێ.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە مەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە تەوەرەکانی دیکەی وتووێژی تەلەفوونی ئەردوغان و عەبادی بوو.
لە کاتێکدا کە نوێنەرانی پەرلەمانی ئێراق ١٢ی سێپتەمبەر، مەسەلەی گشتپرسی جیا بوونەوەی ناوچەی کوردستانی ئێراقیان بە نایاسایی ڕاگەیاند و نەیارەتییان کرد لەگەڵ بەڕێوەچوونی، "مەسعود بارزانی" سەرۆکی ناوچەی کوردستانی ئێراق داوای لە کوردەکانی ئەم وڵاتە کردووە لەم گشتپرسییەدا بەشداری بکەن.