کۆتایی ئۆکتۆبەر، کۆتایی سەرۆکایەتیی بارزانی بە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق دا دەبێت
پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند: سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی بە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق دا لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر کۆتایی پێ دێت.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی هەواڵیی ئەلعالەم ، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دوابەدوای بڵاو کردنەوەی هەواڵێک لەمەڕ واز هێنانی مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ماوەی چەند کاژێری داهاتوودا، ئەمڕۆ چوار شەممە ڕایگەیاند: کۆتایی هاتنی ئەم خولەی سەرۆکایەتیی بارزانی، لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەردا دەبێت.
ئەشواق جاف لە پەرلەمانتاری سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەغداد ئەلیەوم وتوویەتی: کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر خولی سەرۆکایەتییەکەی مەسعود بارزانی بە سەر هەرێمی کوردستانی عێراقیش دا کۆتایی پێ دێت و بارزانی بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە درێژ کردنەوەی ئەم خولەی سەرۆکایەتیی قەبووڵ ناکات و نە خۆی و نەهیچکەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەشی بۆ بە ئەستۆ گرتنی ئەم پۆستە کاندید نابن.
ئەم پەرلەمانتارەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق وتووشیەتی : هەڵبژاردنی سەرۆکی تازەی هەرێمی کوردستانی عێراق بە کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتییەکەی بارزانی لە دەستەڵاتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە.
ئەشواق جاف ڕاشیگەیاندووە: پەرلەمانی کوردستان ئەو دامەزراوەیەیە کە دەبێ جێگرەوەی بارزانی لە چوارچێوەی دەستەڵاتی خۆی دا دیاری بکات. پەرلەمانیش چەند بژاردەیەکی لە بەردەم دایە کە دەبێ یەکێکیان بە ڕێککەوتنێکی گشتی لە نێوان تەواوی لایەنە کوردییەکاندا هەڵبژێرێ و تەنانەت لایەنێکیش نابێ خۆی لەو ڕێککەوتنە بدزێتەوە.